لە ئاستی جیهانی و بە دەیان وڵات سەرکۆنەی کردەوە تیرۆرستیەکەی هەولێر یان کرد

((خۆر))- تایبەت

ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە بەیانێکیدا سەرکۆنەی هێرشە تیرۆرستیەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کرد، لە چەند رۆژی رابردووش لە ئاستی جیهانی پشتیوانیان بۆ پارێزگاریکردن لە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیاند.

کاتژمێر 9:30 شەوی رابردووی رۆژی دووشەممە 2021/2/15 چەند مووشەکێک ئاراستەی شاری هەولێر و دەوربەری كران و بەر چەند شوێنێکی دیپلۆماسی و نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان کەوتن، کە بەپێی ڕاگەیانراوێکی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو هێرشانە سێ کەسی مەدەنی برینداربوون، بەڵام لای خۆیانەوە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان رای گەیاند، 9 ئەمریکی لەو هێرشە موشەکیانە برینداربوون و هاووڵاتیەکی سڤیلی بیانیش گیانی لە دەستداوە.

بەدوای رووداوەکەشدا، بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە میدیاکانی نزیک لە ئەمریکای راگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەو هێرشەی سەر شاری هەولێر ئاگادارکراوەتەوە.

لەلایەن هەندێ ناوەندی میدیاییشەوە پەنجەی تۆمەت بۆ میلیشاکانی حەشدی شەعبی درێژکرا، بەڵام لەلایەن عەلی حسێنی وتەبێژی میحوەری باکووری عێراقی حەشدی شەعبی رەتکرایەوە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە دواوەی ئەو هێرشانەوە بن، بەڵام هەر بەدوای ئەوەدا گروپی میلیشایی عێراقی بەناوی (سەرایا ئەولیائی ئەلدم) بەرپرسیاریەتی خۆیان لەو هێرشە راگەیاند.

هەر لە دوای رووداوەکە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ئاستی سەرکردە و حزبەکاندا سەرکۆنەی رووداوەکە کرا و بەیاننامەی فەرمی و هەڵویستی سیاسی دژ بەو رووداوە تیرۆرستیە بڵاوکرایەوە.

لەمبارەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا، بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکەی کرد و داوای لە کوردستانیان کرد ئارام بن، ئاماژەی بەوەش دا، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی وردیان دەستپێکردوە و لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ هەماهەنگی پێویست بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کردەوە تیرۆرستیە.

بەدوای ئەوەشدا، پەیجی فەرمی دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلە لە جۆری (کیا) دوو تۆنیان بە تێکشکاوی بڵاوکردەوە کە چەند موشەکێک بەسەریەوە مابوو.

کاردانەوەکان هەر لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان نەوەستان و بە خرایی وڵاتان و ناوەندە دیپلۆماسی و سەرکردەکانی جیهانیشی گرتەوە، تەنانەت هەندێ لە سەرکردە عێراقیەکانیش سەرکۆنەی ئەو پەلامارەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیان کرد.

سەرەتا، محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە تویتێکیدا سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد و بە هەڕەشەیەکی مەترسیداری دانا لەسەر سەروەری و ئاسایشی عێراق.

لای خۆشیانەوە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وێڕای سەرکۆنەی هێرشەکە بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ گەیشتنە ئەنجامی چۆنیەتی رووداوەکە و دەستگیرکردنی بکەرانی و بە سزاگەیاندنیان پێکبهێرێت.

بەدوای ئەوانیشدا چەندین سەرکردەی دیکەی عێراقی لە ئاستی سیاسی و بەرپرسیاریەتی و وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی ئەو هێرشەیان بۆ سەر هەولێر کردو بەکارێکی ترسنۆکانەیان دانا.

هاوکات، رێکخراوی یۆنامی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە بەیانێکیدا، ڕای گەیاند کە ئەوان ”بەداخەوەن بۆ هێرشە موشەکیە خوێناویەکەی سەر هەولێر، ئەم جۆرە کارە قێزەونە هەڕەشەی جدی لەسەر سەقامگیری دروست دەکات، عێراق پێویستە لە رکەبەرکێی دەرەکی بپارێزرێت، داوای دان بەخۆداگرتن و هەماهەنگی چڕوپڕی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین بۆ پەلکێشکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا“.

لە ئاستی وڵاتانی (عەرەبی)ی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، هەریەک لە وڵاتانی (ئوردن، سعودیە، میسڕ، کوێت، بەحرەین سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی، ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، ئیمارات، قەتەڕ بەدوای یەکدا ئیدانەی ئەو هێرشەیان کردو پشتیوانی خۆیان بۆ سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان نیشاندا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لە بەیانێکیدا ئیدانەی هێرشەکەی کردو ئاماژەی بەوە دا پێویستە رێکخراوی تیرۆرستی نەمێنێت لە ناوچەکە.

لای خۆشیانەوە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیانێکیدا رای گەیاند، بەتوندی ئەو جۆرە کارانە سەرکۆنە دەکەین کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستانە، رەحمەت بۆ شەهیدان و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارانی مەدەنی و بریندارانی هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەخوازین.

لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە)شدا هاتووە “بە توندی په‌لاماره‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی سەر فڕۆكەخانەی ھەولێری پایتەختی ھەرێمی كوردستانی سەركۆنە دەکەین”.

ئاماژەی بەوە داوە “ھێرشە تیرۆریستییە ترسنۆكەكانی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بە توندی سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین، كە ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە و سەلامەتی گەشتە ئاسمانییەكان و ھەوڵەكانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ھاوكاریكردنی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەناو دەبات”.

ھەروەها رایگەیاندووە “بەئامانجكردنی ئاسایش و سه‌قامگیریی عێراق و لەقكردنی یەكێتییەكەی و كاریگەریكردن لەسەر سەلامەتی خاكەكەی، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌”.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە جەختی لەسەر ئاماده‌یی و ھاوكاری تەواوی شانبه‌شانی عێراق كردووەتەوە، لە ھەر ھەنگاوێك و رێكارێكدا كە بۆ پاراستنی ئاسایشه‌كه‌ی بگیرێتەبەر و پشتیوانی لە ھەوڵەكانی دەكات لە بەرەنگاربوونەوەی ئه‌و رێكخراوە تیرۆریستییانه‌ی دەیانەوێت سەقامگیری و سەروەری وڵاتەكە لەناوببە

لە ئاستی، وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپاش هەر لەماوەیەکی کەم بەدوای رووداوەکە، ‏له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا (ئه‌نتۆنی بلینكن)، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی هێرشه‌ ترسنۆكه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێریان كرد و جه‌ختیان له‌ هه‌ماهه‌نگیکردنی به‌رده‌وام کردەوە، بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران.

بەدوای ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەش، لە راگەیەنراوێکدا، ئه‌نتۆنی بلینكن، بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕای گەیاند، کە زۆر توڕەن لەبەرامبەر ئەو هێرشە موشەکیانەی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گفتووگۆیان کردوە دەربارەی رووداوەکە و پەیماندان بە پشتیوانیمان بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و لێپێچینەوە لەوانەی بەرپرسیارن.

دواترشی کونسوڵی فەرەنسا لە تویتێکیدا بە دانانی وێنەیەکی ناو بازاڕی هەولێر، نووسی (بژی هەولێر).

لە بەیانێکیشدا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بەتوندی هێرشەکەی سەر هەولێر و بنکەی هاوپەیمانانی ئیدانە کرد.

هاوکات هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیان دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

ڕاشی گەیاند، کە لە جەنگی تیرۆردا دەمێننەوە.

لای خۆشیانەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە دا، هیچ پەیوەندیەکیان بەو هێرشانەی سەر هەولێرەوە نیە و هەموو هێرشێک کە ئاسایشی عێراق تێکبدات رەتدەکەنەوە.

وڵاتانی دیکەی وەکو بریتانیا، کەنەدا و یەکێتی ئەوروپا بە گشتی ئیدانەی هێرشەکەیان کردو پشتیوانی خۆیان بۆ ئارامی و سەقامگیری هەولێر و هەرێمی کوردستان نیشاندا.

وەزیری دەرەوەی بریتانیا، ڕای گەیاند، هێرش بۆ سەر هاوپەیمانان و خەڵکی سڤیل لە هەولێر قابیلی قبوڵ نیە.

هاوکات، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرشەکە، داواشی لە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد، لەسەر بنەمای دەستوور رێکبکەون. جەختی لەسەر سیستەمی (فیدڕڵی) لە عێراق کردەوە.

هەر ئەمڕۆ سێشەممەش وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا په‌لاماره‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌ر شاری هه‌ولێری سەركۆنە كرد، پشتیوانی حكوومەتی ڕۆمای بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا هاوخه‌می لەگەڵ قوربانییه‌كانی ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كییانه‌ ده‌ربڕیوە و جه‌ختی كردووەتەوە “ئێمە پشتیوان و ھەماھەنگی حکوومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستانین”.

وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا هەروەها دووپاتی كردووەتەوه‌ له‌ رابردوو و ئێستاشدا بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئەو ھەڕەشانەی دەکرێنە سەر ئاسایشی ناوچەکە.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی (ئیتاڵیا)ش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا په‌لاماره‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌ر شاری هه‌ولێری سەركۆنە كرد و پشتیوانی حكوومەتی ڕۆمای بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا هاوخه‌می لەگەڵ قوربانییه‌كانی ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كییانه‌ ده‌ربڕیوە و جه‌ختی كردووەتەوە “ئێمە پشتیوان و ھەماھەنگی حکوومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستانین”.

وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا هەروەها دووپاتی كردووەتەوه‌ له‌ رابردوو و ئێستاشدا بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئەو ھەڕەشانەی دەکرێنە سەر ئاسایشی ناوچەکە.

كونسوڵخانەی (چین)یش لە هەولێر رایگەیاند چین هێرشە تیرۆریستییەكەی دوێنێ شەوی سەر هەولێر بە توندی سەركۆنە دەكات، وەڵامدانەوەی دەمودەستی حكوومەتیش بۆ هێرشەكە بەرز دەنرخێنن.

كونسڵوخانەی چین له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كە دەقەكەی لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاو كردووەتەوە، نووسیویەتی “ئێمه‌ زۆر به‌ توندی ئه‌م هێرشه‌ مووشه‌كیه‌ی شەو‌ی 15ی شووبات سەركۆنە ده‌كه‌ین بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر، كه‌ چه‌ندین زیانی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل و ماڵ و موڵكی لێكه‌وته‌وه، سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می خۆمان بۆ خانه‌واده‌ی قوربانیان و برینداران دەردەبڕین”.

ھەروەھا لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە “ئێمه‌ دژی هه‌موو كردارێكی توندوتیژی ده‌وه‌ستینه‌وه،‌ كه‌ ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستانی عێراق”.

كونسوڵخانەی چین لە ھەولێر ئاماژەشی بەوە داوە “ئێمه‌ هه‌وڵه‌كانی یه‌كه‌ كارگێڕییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رز ده‌نرخێنین، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ خێرایه‌كه‌یان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێرشه‌كه‌ بە شێوازێكی گونجاو، له‌ پێناو پاراستنی هاووڵاتییان و ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌لامه‌تی هه‌موو نێرده‌ دیبلۆماسیه‌كان”.

له‌ كۆتاییشدا جەختی كردووەتەوە كە هه‌موو كارمه‌ندانی كونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر سه‌لامه‌تن.

Back to top button