لە ئاکرێ سێ جۆر بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێن

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ گوتی، لە قەزای ئاکرێ کارگەیەک هەیە کە بەرهەمی خۆماڵی هەناردەی دەرەوە دەکات و بە هەموو شێوەیەک پشتگیری و ئاسانکاریی بۆ دەکەن، چونکە ئەمە هەنگاوێکی باشە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ و پشتگیریکردنی جووتیارانیش.

فازڵ مستەفا ڕەشید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، ڕایگەیاند: ”لە قەزای ئاکرێ کارگەیەک دامەزراوە کە کاری هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە بۆ دەرەوە و سێ بەرهەمی سەرەکی لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە برنجی کوردی و سماق و تەحینی ئامێدی. ئێستا ئەوکارگەیە کار دەکات وبەردەوامیش بەرهەمەکان هەناردەی دەرەوە دەکات، ئەوەش هەنگاوێکی زۆر گرنگە و ئێمەش وەکوو بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ بە هەموو شێوەیەک پشتگیرییان دەکەین.”

فازڵ مستەفا ڕەشید گوتیشی: ”ئەو جۆرە کارگانە زۆر گرنگن و پاڵپشتییە بۆ جووتیاران و گەیاندنی بەرهەمی خۆماڵی بە بازاڕەکانی جیهان و ناساندنی بەرهەمی ناوخۆیی بە جیهان و ڕێگایەکی نوێیە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، بۆیە جووتیار سوودی لێ وەردەگرن، هەربۆیە ئێمەش پشتگیریی ئەو جۆرە کارگانە دەکەین بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ ساخ بێتەوە، چونکە ئەوە پلانی وەزارەتیشە و ئاسانکاریی زۆریش دەکات بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی دەرەوە بکرێت.”

ڕەشید باسی لەوەش کرد: ئامادەکردنی ئەو سێ جۆرە بەرهەمە بە شێوەیەکی زۆر باش ئامادە دەکرێت و زۆریش خاوێن و پاکێجکراوە و برینجیش چەندین جۆرمان هەیە و بە هەموو قەبارە و شێوەکان ئامادە دەکرێت، بۆیە ئەو کارگەیە زۆر گرنگە بۆ دەڤەرەکە و بەردەوامیش ئەو بەرهەمانە هەناردەی دەرەوە دەکرێن و خواستی باشیشیان لەسەرە.”

Back to top button