لە ئایندەیەکی نزیکدا یەکەی نیشتەجێبوون بۆ گەنجان و کرێنشینانی عەنکاوە دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردن.

بڕیارە لە چوارچێوەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون ٧٠٠ یەکە بۆ گەنجان و کرێنشینانی عەنکاوە دروست بکرێن ، قایمقامی عەنکاوەش دەڵێ: لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

ڕامی نووری، قایمقامی عەنکاوە  راگەیاند: ” بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لە شارۆچکەی عەنکاوە، دەزگا پەیوەنددارەکان و نوێنەری کریستیانەکان لە کابینەی نۆیەم کاری زۆریان کردووە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەکە بکرێت کە لە قەزای عەنکاوە لەسەر ڕووبەری ١٣ دۆنم زەوی ٧٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون بۆ گەنجان و کرێنشینانی عەنکاوە دروست دەکرێت.

قایمقامی عەنکاوە گوتیشی: ” بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و ئێستا لە دوا قۆناغی دانوستانین لەگەڵ وەبەرھێنەری پڕۆژەکە، لە ئایندەیەکی نزیکدا بانگەواز دەکرێت بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان خۆیان تۆمار بکەن تا سوودمەندبن لە یەکەی نیشتەجێبوون.

رامی نووری گوتی: ” پێشبینی دەکەم لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا پڕۆژەکە بچێتە بواری جێ بەجێکردن، دروست کردنی ٧٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی عەنکاوە ھەنگاوێکی گرینگە، بەتایبەتی بۆ پشتگیری گەنجانمان لە عەنکاوە، دەبێتە ھۆکاری ئەوەی کەمتر گەنجانی عەنکاوە بیر لە کۆچکردن بۆ دەرەوە بکەنەوە، چونکە دەبنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوونی خۆیان.

Back to top button