لە ئەنفالی بادیناندا 200 ھەزار چەکداری رژێم بەشداریان تێدا کرد

سی و پێنج ساڵ بەسەر ئەنفالی بادینان تێدەپەڕێت و بەرپرسی سەنتەری ئەنفالیش دەڵێ، ئەنفالی بادینان دوا قۆناغ و مەترسیدارترین قۆناغی ئەنفال بوو، دەشڵێ، دوو سەد ھەزار چەکدار بە چەکی قەدەغەکراو بەشداریان تێداکرد.

عەلی بەندی، بەرپرسی سەنتەری ئەنفال،ڕایگەیاند: “ئەنفالی بادینان کە به‌ ئەنفالی ڕەش ناسراوە لە ڕۆژی 25ی ئاب دەستی پێکرد تا 6ی ئەیلوولی ساڵی 1988 بەردەوامی ھەبوو کە بە مەترسیدارترین ئەنفال دەناسرێت، چونکە راستە لەڕووی ژمارەی قوربانیان ناوچەکانی دیکەی کوردستان ژمارەیان زیاتربوو، بەڵام لە ئەنفالی بادینان زۆرترین ژمارەی ھێزی ئەوکاتی عێراق و چەکی جۆراوجۆر بەکارھێنراو دوای ڕاگرتنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران رژێمی بەعس دەیویست کۆتایی بە دۆزی کورد بھێنێ لە عێراق و لە قۆناغی ئەنفالی بادیناندا 200 ھەزار چەکداری مەشق پێکراوی رژێم و 170 فەوجی جاش بەشداریان تێدا کرد”.

بەرپرسی سەنتەری ئەنفال لە پارێزگای دھۆک گوتیشی: “رژێم لەسەرەتای ئەنفالی بادینان لە گوندەکانەوە دەستی پێکردوو لە سنووری دھۆک 663 گوند خاپوورکران و خەڵکی ئەو گوندانە بەشێکیان توانیان خۆیان بگەیەننە نێو خاکی تورکیا و لە کەمپەکانی مووش و قزلتەپە و وان و چەند ناوچەیەکی دیکەی باکووری کوردستان نیشتەجێبوون، بەداخەوە بەشێکی دیکەی خەڵکی بادینان کەوتنە دەست رژێمی بەعس و ڕەوانەی کۆمەڵگا زۆرە ملێکانی بەحرکە و جەژنیکان و گردەچاڵ و بەرحوشترکران، بەپێی دوایین ئامار زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتی سڤیل لە ئەنفالی بادینان شەھید و بێسەر و شوێن بوون حەفتا گوند و ناوچەش کیمیاباران کران”.

عەلی بەندی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: “دوای لەناوچوونی رژێمی بەعس کەسوکاری شەھیدان چاوەڕێی گەڕانەوەی رووفاتی ئازیزانیان دەکەن، بەداخەوە رووفاتی زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێکی گەڕێندراونەتەوە تەنھا یەک رووفاتی ئەنفالی بادینان تا ئێستا نەگەڕێندراوەتەوە، بۆیە داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین کار بۆ گەڕانەوەی رووفاتی شەھیدانی جینۆسایدی بادینان بکات، ھەروەھا ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتوانی بادینان قەرەبوو بکاتەوە لەبەرئەوەی حکوومەتی ئێستای عێراق میراتگری حکوومەتی پێشووە”.

Back to top button