لە بارزان کارەبا لە تیشکی خۆر بەرهەمدەهێنڕیت

لە بارزان کارەبا لە تیشکی خۆر بەرهەمدەهێنڕیت

لە ناوچەی ڕێزان سەر بە دەڤەری بارزان، لە هەنگاوێکی نوێ و گرنگدا پرۆژەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی ووزەی کارەبا بە پشتبەستن و سوود وەرگرتن لە ووزەی خۆر تەواوکراوەو لە ئێستادا کارەبا بەرهەم دەهێنێت.

بەپێی لێدوانی ئەندازیارو سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە، پرۆژەکە لە ٣٨٤٠ پەنەڵی کۆکردنەوەی تیشکی خۆر پێکدێت، کە دەڵێن پێشتر هەمان بیرۆکەو پرۆژەیان بۆ چەند پرۆژەیەکی گەشتیاری لە دەڤەری بارزان داناوە کە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

لەگەڵ ئەوەشدا سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە دەڵێن کە ئەو کارەبا خاوێنەی لە تیشکی خۆرەوە بەرهەمدەهێنرێت تێکەڵی کارەبای نیشتیمانی دەکرێتەوەو سوودێکی زۆری دەبێت بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر کارەبای نیشتیمانی.

ئەم پرۆژەیە لە ناوچەیەکی گەشتیاری وەك ڕێزان و بارزاندا سوودێکی زۆری ژینگەیی و تەندروستی دەبێت و هۆکارێکە بۆ زیاتر خاوێنڕاگرتنی سروشتی جوان و ژینگەی ناوچەکە کە بەپێی قسەی ئەندازیارانی پرۆژەکە ئەو بڕە کارەبایەی بە سوود وەرگرتن لە ووزەی خۆر بەرهەمدەهێنرێت لە ناوچەکە ئەگەر بە ڕێگای مۆلیدەو سووتەمەنی دیکە بەرهەم بهێنرێت ئەوا زیاتر لە ٨٠٠ تۆن گازی CO2 دەردەدات کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەو سروشتی ناوچەکە.

Back to top button