لە دهۆک نەمامگەیەک بەسەرمایەی ملیۆنێک و 100هەزار دۆلار دروست دەکرێت

بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک ئاشکرایکرد: لە سنووری پارێزگای دهۆک مۆڵەت بە پڕۆژەی دروستکردنی نەمامگەیەکی گەورە دراوە بە سەرمایەی ملیۆنێک و 100هەزار دۆلار کە چەندین بەشی جیا جیا و گرنگ لەخۆ دەگرێت.

کوردۆ ئێحسان، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک،ڕایگەیاند:  مۆڵەتی وەبەرهێنان بۆ نەمامگەیەکی گەورە لەپارێزگای دهۆک دراوە لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و دهۆک بەتایبەتی، مۆڵەتەکەش لە ڕێکەوتی 15/8/2023دراوە و لەماوەی سێ ساڵیش پڕۆژەکە تەواو دەکرێت.

کوردۆ ئێحسان گوتیشی: ئەو نەمامگەیە گرنگی بەو شتڵانە دەدات لەگەڵ کەش و هەوای ناوچەکە دەگونجێن و گرنگی بە تاقیکردنەوەی شتڵی نوێ دەدات کە چۆن لە گەڵ کەش و هەوای ناوچەکە بگونجێن ، ئەم پڕۆژەیەش بەسەرمایەی ملیۆنێک و 100هەزار دۆلار لە ناوچەی کێڤلا جێبەجێ دەکرێت.
ئێحسان باسی لەوەشکرد: ئەم پڕۆژەیە پێکدێت لە نەمامگەی داری بچووک، خانووی پلاستیکی، نەمامگەی داری میوە، نەمامگەی داری جوانی، خانووی شوشەیی، چوار بینا بۆ کارگێری پڕۆژە، شوێنی پشوودانی کرێکار، خواردنگە، کافیتریا، پارکی هاتووچۆ، پارکینگی ئۆتۆمبێل و سەوزایی.

Back to top button