لە دھۆک کۆنفراسێک لەبارەی ژینگەوە بەڕێوە دەچێت

بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی ژینگەوە حەفتەی داھاتوو کۆنفرانسێک لە شاری دھۆک بەڕێوە دەچێت و گوتەبێژی ئەنجومەنی ژینگەی ھەرێمیش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕێککەوتنامەی پاریس و کار بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سەر ژینگە دەکات.

ئەحمەد محەمەد، گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ژینگەی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: ”بڕیارە حەفتەی داھاتوو بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی ژینگەوە کە دەکاتە 5/6 کۆنفرانسێک لەبارەی ڕەوشی ژینگە لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت و کۆنفرانسەکە لە شاری دھۆک بۆ ماوەی یەک ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە کۆنفرانسەکەدا کاریگەریی سەر ژینگەی ھەرێمی کوردستان دەخرێتە ڕوو، بەتایبەتی دەمانەوێ ھەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سەر ژینگە کەم بکەینەوە.”

گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ژینگە دەشڵێت: “لەو کۆنفرانسەی ژینگەدا باس لە گۆڕانکاریی کەشوھەوا دەکرێت، چونکە وەک ئاشکرایە کەشوھەوا گۆڕانکاریی زۆری بە خۆیەوە بینیوە لەسەر ئاستی جیھان و ناوچەکە.”

ئەحمەد محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “بەشداری ھەرێمی کوردستان لە ڕێککەوتنی پاریس لە ساڵی 2020 ھەرێم پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی ھەندێ ڕێوشوێن بۆ ئەوەی ڕێگری لە پیسبوونی ژینگە بکرێت، ھەروەھا کەمکردنەوەی دەرھاویشتە گازییەکان لەسەر ژینگەی ھەرێمی کوردستان، ئێمە و عێراقیش کار بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پیسبوونی کەشوھەوا و ژینگە دەکەین.”

Back to top button