لە رێگەی 9 سەنتەری راهێنانی پیشەییەوە هەلی كار بۆ گەنجانی هەرێم دەڕەخسێنرێت

وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی كارو دەستەبەری كۆمەڵایەتیەوە كە 9 سەنتەری راهێنانی پیشەیی بۆ گەنجان و لاوان لەخۆ دەگرێت، هەلی كار بۆ گەنجانی هەرێمی كوردستان دەڕەخسێنێت.
كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بە سایتی حكومەتی هەرێمی راگەیاندوە: دوو لەو سەنتەرانە لەشاری هەولێرن و هەر یەك لەسلێمانی، دهۆك، سۆران، زاخۆ، گەرمیان و راپەڕین یەكی سەنتەرێكیان تێدایە، ئەم سەنتەرانە ساڵانە راهێنان بەكۆمەڵێكی زۆر لە گەنجان دەكەن و ‌لەگەڵ ئەوەشدا لیژنەی سەرپەرشتی بازاڕی تێدایە، بۆئەوەی بزانن لە بازاڕ چ پیشەیەك هەلی كاری زیاتری لەبەردەمدایە‌ تا راهێنانی ئێمە لەگەڵ ئەو پیشانەی هەلی كار دەڕەخسێنن یەك بگرێتەوەو ئێمەش بەو پێوەرە خولەكانیان بۆ بكەینەوە.
كوێستان محەمەد وتیشی: ئێستا خەریكی دروستكردنی سێ وەرشەن بۆ بابەتی شۆفاژ، لەلای ئێمەوە بە سەدان بەشداربو هەیەو باڵانسی جێندەرییش راگیراوە بۆ فێربونی ئەم پیشانە‌و بەپێی بەدواداچونەكانمان 30%ی ئەوانەی لەسەنتەرەكانمان راهێنانیان كردوە،‌ بونەتە خاوەن پیشەی خۆیان.
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی وتوشیەتی: بەرنامەیەكیان هەیە بۆ پێدانی قەرزی بچوك لە ئایندەیەكی نزیكداو لەگەڵ نوسینگەی سەرۆكی حكومەت پلانیان داڕشتوە بۆئەوەی قەرزی بچوك بۆ گەنجان رابگەیەنن، ئەمەش هەلێك دەبێت لەبەردەم ئەوانەی خولەكانی ناو ئەم سەنتەرانەیان تەواو كردوە، چونكە فێری پیشەیەك بون و جیاوازن لەوانەی هیچ پیشەیەك نازانن.

Back to top button