لە زاخۆ ٣٣ پڕۆژەی وەبەرھێنان پەسەندکراون

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ ئاشکرایکرد: زیاتر لە سەد پرۆپۆزەل پێشکەشی وەبەرھێنانی زاخۆکراون، ٣٣ لەو پڕۆژانە پەسەندکراون و ئەمساڵ  مۆڵەت بە ١٥ پڕۆژە دەدرێت.

جگەرخوین تاھر، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ  رایگەیاند: سەد پڕۆپۆزەل پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ کراون و ٣٣یان بە سەرمایەی ٣٢٥ ملیۆن دۆلار پەسند کرون، تا کۆتایی ئەمساڵیش مۆڵەت بە ١٥ پڕۆژەی وەبەرھێنان دەدرێت لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە سەرمایەی ٢٨ ملیۆن دۆلار، پشکی شێری پڕۆژەکانیش بەر کەرتی بازرگانی کەوتووە، زەویش بۆ ئەو ١٥ پڕۆژەیە لەلایەن شارەوانییەوە دابین کراوە.

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ گوتیشی: بەشێک لە پڕۆژەکانی زاخۆ پڕۆژەی ستراتیژین و کاریگەرییان لەسەر ژێرخانی زاخۆ دەبێت لەوانەش جێبەجێکردنی ناوچەی پیشەسازی زاخۆ، پڕۆژەیەکی بەرفراوانە و چەندین بەش لەخۆ دەگرێت و ھەلیکار بۆ ھەزاران کەس دەڕەخسێنێ.

جگەرخوین تاھر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: دەمانەوێ ئەو پڕۆژانەی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن جگە لە لایەنی ئابووری ڕوویەکی جوانتر بدەنە شاری زاخۆ، چونکە سروشتی ناوچەکە ھاوکارە بۆ زیاتر جوانکردنی شاری زاخۆ و گرینگیدان بە کەرتی گەشتیاری.

Back to top button