لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە 100 پڕۆژە لە زاخۆ جێبەجێ کراون

دوای دەرچوونی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ زیاتر لە 100 پڕۆژە چوونەتە واری جێبەجێکردن و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش دەڵێ، ئەنجامدانی پڕۆژەکان بەردەوامن و بەشێک لە پڕۆژەکان ستراتیژین.

شڤان عەبدی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، راگەیاند: “دوای دەرچوونی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی بەرچاوی پڕۆژە بۆ ئیدارەی زاخۆ دەرچوون و زیاتر لە 100 پڕۆژە چوونەتە واری جێبەجێکردنەوە، پڕۆژەکانیش ھەموو بوارەکان لەخۆ دەگرن، بەڵام زیاتر پڕۆژەکان خزمەتگوزارین، چونکە حکوومەت دەیەوێ زیاتر خزمەتی ھاووڵاتیان بکات.”

بەڕێوبەەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی زاخۆ دەشڵێت: “بەشێک لەو پڕۆژانەی زاخۆ ستراتیژین و کارکردن تێیاندا بەردەوامە، لەوانەش ئەو پڕۆژانە لە پردی دەلال جێبەجێ دەکرێن و ناوچەی پیشەسازیی زاخۆ و چەندانی دیکەش.”

شڤان عەبدی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد”: ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کاروانێکی بەردەوامە و  ڕۆژانی رابردووش بڕیاری دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتی بۆ قەزای باتۆفە دەرچوو، گوھدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارە بەردەوام لە ھەوڵدایە زۆرترین پڕۆژە لە سنووری ئیدارەی زاخۆ جێبەجێ بکرێن.”

Back to top button