لە هەرێمی کوردستان بە سەرمایەی زیاتر لە 67 ملیار دۆلار مۆڵەت بە پرۆژەی جۆراوجۆر دراوە

بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، لە ساڵی 2006 تاوەکوو ئەمساڵ مۆڵەت بە هەزار و 123 پرۆژە لە 13 سێکتەری جیا جیا دراوە، بە سەرمایەی زیاتر لە 67 ملیار دۆلار.

سەربەست خدر، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و بە زانیاری لە دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە 1/8/2006 تاوەکوو 1/6/2023 ئەو پڕۆژانەی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێ دراوە لە هەولێر 492 پرۆژە و لە هەڵەبجە پێنج پرۆژە و لە گەرمیان 36 پرۆژە و لە ڕاپەرین 19 پرۆژە و سلێمانی 259 پرۆژە و سۆران 11 پرۆژە و لە زاخۆ 37 پرۆژە و لە دهۆک 264 پرۆژە مۆڵەتیان پێ دراوە بە سەرمایەی 67 ملیار و 14 ملیۆن و 799 هەزار و 180 دۆلار .

سەربەست خدر گوتیشی: کۆی ئەو پرۆژانەی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2006 تاوەکوو 2023 ئەنجام دراون، هەزار و 123 پرۆژە لە 13 سێکتەری جیاواز، ئەوانیش  بازرگانی و بانکەکان و تەندروستی و پیشەسازی و خزمەتگوزاری و گەشتیاری و گەیاندن و گواستنەوە و فێرکردن و کشتوکاڵ و نیشتەجێبوون و هونەری و وەرزشی کە ئەولەویەتی پرۆژەکان بە کەرتی پیشەسازی دراوە و 290 پرۆژە مۆڵەتیان پێ دراوە.”

خدر باسی لەوەش کرد: لەو پرۆژانە 45یان وەبەرهێنەری بیانی و هەزار و50 پرۆژەش ناوخۆیی و 28 پرۆژە وەبەرهێنەری هاوبەشن.

گوتیشی: لەم ساڵدا مۆڵەت بە 24 پرۆژە دراوە بە سەرمایەی 579 ملیۆن و490 هەزار و 801 دۆلار دراوە.

Back to top button