لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار شوێنی شوێنەواری هەیە

گوتەبێژی شوێنەواری هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، هەرێمی کوردستان خۆی ناوچەیەکی شوێنەوارییە، بۆیە وڵاتان زۆر گرنگیی پێ دەدەن و دێن لە هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن کە ئێستا شوێنە شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی هەشت هەزار شوێن.

ڕامیار جەوهەر، گوتەبێژی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : ”بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراوە خەریکە دەگەنە قەناعەتێک کە بناغەی شارستانیەت لەو ناوچەیە بێت، بۆیە زانکۆی وڵاتان دێن لێکۆڵینەوەی شوێنەواری دەکەن و هەر زانکۆیەک بەپێی ئەو گرێبەستەی دەیکات، دێت وەرزێک کار دەکات و، چەندین زانکۆی ناودار لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە دێن.”

ڕامیار جەوهەر گوتیشی: ”ئەو زانکۆیانە لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکەن و کارەکانیش بریتین لە گەڕان و ڕووپێوی شوێنەواری و پشکنین، بۆیە هەنگاوی باش نراوە لە دۆزینەوەی شوێنی شوێنەواری لە هەرێمی کوردستان.”

جەوهەر ڕوونیشی کردەوە: ”پێشتر سێ هەزار و150 شوێنی شوێنەواریمان هەبوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی هەشت هەزار شوێنی شوێنەواری، چونکە خۆی  هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی شوێنەواریی کۆنە کە تەنها قەڵاتی هەولێر پێش پێنج هەزار ساڵ ژیان تێیدا بەردەوام بووە، بۆیە هەوڵ دراوە ئەو شوێنانە بکرێنە شوێنی گەشتوگوزاری شوێنەواری.”

Back to top button