لە هەولێر و دهۆک لەم شوێنانە هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووان کۆدەکرێتەوە

دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی هەڵمەتێکی سەرتاسەری بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێبکرێت، ئەمڕۆ لە هەولێر و دهۆک هەڵمەتەکە لە چەند شوێنێک دەستی پێکرد.

ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ جێگری پارێزگا و قایمقامی ناوەند و ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و گفتوگۆکردن لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندارەکانی دیکە کۆبوونەوەیەکمان ئەنجام دا لە رێگەی میدیاکانەوە کەمپینی هەولێر وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێر فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمى کوردستان رادەگەیەنین و چەند بڕیاڕێکمان داوە، بەم شێوەیە:-

یەکەم/ دەسەڵات درا بە سەرجەم قایمقامەکان بۆ ئەوەی کەمپینەکەمان لە سنووری پارێزگای هەولێر فراوانتر بێت و تەنها سەنتەری شار نەگرێتەوە، بۆیە دەسەڵاتیان پێدرا تاوەکو کەمپینی نوێ لە سنووری قەزاکان رابگەیەنین و دوای کۆکردنەوەی کۆمەکییەکان هەمووی لە ناوەندی قەیرانەکان کۆ دەکرێنەوە.

دووەم/ لە سەنتەری شار لە ئەمڕۆوە لە پێش پارکی شانەدەر خێوەت هەڵدراوە و هاووڵاتیان دەتوانن یارمەتییەکانی خۆیان بگەیەننە ئەو شوێنە.

سێیەم/ رەنگە خەڵکێکی زۆر لە هاووڵاتیان و خواپێداوان و کۆمپانیاکان یارمەتییەکانی خۆیان لە پارە بگەیەنن، بۆیە دەتوانن لە رێگەى ژمارە حیسابی تایبەت بانکی منارە (508) بیگەیەنن.

چوارەم/ بە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی هەولێر و یەکێتیی زانایان، گفتوگۆ دەکەین لەو روانگەیەی پیاوانی ئایینی کە هەمیشە رۆڵی کاریگەریان هەبووە لەم بارەوە، ئەوانیش بەشێک بن لە پرۆسەی هاندان بۆ ئەو کارە مرۆیانەیە لە رێگەی وتاری ئایینییەوە پاڵپشتی لەو کەمپینە بکەن.

پێنجەم/ ئەو کارە تەواو کارێکی مرۆڤایەتییە، پەیوەندی بە هیچ هێز و لایەنێکی سیاسییەوە نییە، بەڵکو خەڵکێکی زۆر ئامادەیی خۆی دەڕبڕیوە بۆ هاریکاریکردن، بۆیە بەلامانەوە مەبەستە کە کارەکەمان کارێکی مرۆیی بێت، بۆیە هەر کەس و لایەن و هێزێک کە دەیەوێت لەم پرۆسە مرۆیانە بەشدار بێت، پێویستە لە ژێر چەتری حکوومەتی هەرێمى کوردستان بێت، چونکە وەک جەختمان لەسەر کردەوە، ئەوە مامەڵەکردنە لەگەڵ دوو دەوڵەت، واتە رێوشوێنی یاسایی خۆی هەیە، واتە ئەگەر لێرەش ئاسانکاری کرا، مەرج نییە لە سنووری ئەو وڵاتانە رێگەپێدراو بێت.

لای خۆشیەوە، سەرپەرشتیاری هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە دهۆک، پیردەیان جەعفەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “دوای بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ لە پێنج شوێن لە پارێزگای دهۆک دەستمان بە کۆکردنەوەی هاوکاری کردووە و هەڵمەتەکەش بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت”.

سەرپەرشتیاری هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان گوتیشی: “هەڵمەتەکە لە قوتابخانەی چرا و مزگەوتی جودی و مزگەوتی قازی محەمەد و مزگەوتی ئیبراهیم ماسیکی و شەهید مەلا ئەمین دەستی پێکردووە و خەڵکی دەتوانن هاوکارییەکانیان هەر جۆرێک بێت، بیهێنن بۆ ئەو شوێنانە و تەنها کەلوپەلی کۆن وەرناگرن و پێویستە کەلوپەلەکان نوێ بن”.

دەشڵێ: “پارێزگار خۆی سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵمەتەکەیە و منیش سەرپەرشتیی هەڵمەتەکە دەکەم، بۆ ئەو مەبەستەش تیمەکانمان بەسەر هەر پێنج شوێندا دابەش کردوون”.

Back to top button