لە پێناو سێ ملیۆن دۆلاری مانگانە خەڵكی سلێمانی ڕووبەڕووی مەترسیی شێرپەنجە دەكرێنەوە

بازرگانیەكە لەلایەن گروپی ١٦ ئۆكتۆبەرەوە دەكرێت

((خۆر))-شاڵاو  عەلی

پاش ئەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە لەنێو خەڵكی سلێمانی زیادی كردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی تووشبوان بەرز دەبنەوە، دەركەوت كە بەهۆی چاوپۆشیكردن لە كارێكی نایاسایی و لەپێناو چەند ملیۆن دۆلارێك كە دەستی كەسانی دەستڕۆیشتووی دەڤەرەكەی لە پشتەوەیە، خەڵكی تووشی نەخۆشییەكە دەكەن. كە بەپێی زانیاریەكان بازرگانیە نایاساییەكە لەلایەن گروپی ١٦ ئۆكتۆبەرەوە دەكرێت.
لەمبارەیەوە عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە نووسینێكدا ئاشكرای كرد، ئەوەی لە سلێمانی دەکرێتە ئۆتۆمبێلەوە بەنزین نییە، بەڵكوو پترۆ کیمیاوییە و بەرزکەرەوەی ئۆکتانی تێکەڵ دەکرێت و بەناوی دروستکردنی بەنزینەوە دەفرۆشرێت، بە دڵنیایی ئەمە بەنزین نییە، دڵنیاش بن ئەوەی لە ئێرانیشەوە دێت، ھەر بەنزین نییە و ھەمان تێکەڵکردنە. ئەم تێکەڵکردنە بڕێکی ئێجگار زۆر مادەی رەساسی تێدایە، دەبێتە ھۆی دروستبوونی شێرپەنجە.
بەپێێ زانیارییەكان، بیست گۆڕەپانی گەورەی سووتەمەنی و تێکەڵکردن و دروستکردنی بەنزین لە تانجەڕۆ هەیە، ئەمانە مۆڵەتی ھیچ شوێنێکیان نییە، لەژێر ھیچ چاودێرییەکیشدا نین. قەبارەی قازانجی ئەم بازرگانیی ھێنانی پترۆکیمیاوی و تێکەڵکردنە نزیکەی سێ ملیۆن دۆلاری مانگانەیە، لەپێناو ئەم بڕە پارەیەش ھەزاران کەس تووشی شێرپەنجە دەكرێت، چۆن؟
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كردووە، لەگەڵ ئەم مەترسیی بەنزینەدا، بەشێک لە کارگە گەورەکانی سنووری سلێمانی، فلتەرەکانیان دەکوژێننەوە و مادەی رەساس بە دەوری شارەكەدا پەخش دەکەن، بەهۆیەوە ئێستا ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە زیاد دەبێ.
ئەمە لە كاتێكدایە كە بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە گوایە نرخی بەنزین لە سلێمانی، بە بەراورد لەگەڵ نرخی بەنزین لە بۆرسەی تایبەت هەرزانترە، لە كاتێكدا بەپێی پێوەرە ئابوورییەكان پێویستە نرخەكە گرانتر بێت بەهۆی ئەوەی تێچوونی گواستنەوەی بەنزینیش لە ئێرانەوە بۆ سلێمانی دێتە سەر نرخی بەنزینەكە، ئەمەش گومانەكان لەمبارەیەوە زیاتر دەكەن.

Back to top button