لە ڕێگەی فراوانکردنی وێستگەکانەوە ٧٥٠ مێگاوات بەرھەمی کارەبا زیاد دەکرێت

ەڕێوەبەری گشتیی بەرھەمھێنانی وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد، بەرھەمھێنانی کارەبا زیاد کراوە بۆ زیاتر لە چوار ھەزار مێگاوات و بە تەواوبوونی دوو وێستگەی دیکە لە بازیان و خۆرمەڵە، ٧٥٠ مێگاواتی دیکەی کارەبا زیاد دەکرێت.

پێشڕەو نووری، بەڕێوەبەری گشتیی بەرھەمھێنانی کارەبا،  ڕاگەیاند: “بە گوێرەی پلانی وەزارەت بەرھەمھێنانی کارەبا زیاد کراوە بۆ زیاتر لە چوار ھەزار و ١٠٠ مێگاوات، ئەویش بە فراوانکردن و بەکارخستنی دوو یەکەی دیکە لە وێستگەی گازی بازیان و ئەنجامدانی سیانە لە وێستگەکانی دیکەی کارەبا و ئەوانەی کاتی خۆی نەبوونی گوژمەی پێویست ڕاگیرابوون.”

بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا گۆتیشی: “بەردەوام کار لەسەر زیادکردنی بەرھەمی کارەبا دەکرێت و ھەر لە بازیان کار لەسەر فراوانکردنی وێستگەیەکی دیکەی کارەبا دەکرێت کە بەرھەمەکەی ٢٥٠ مێگاواتە و لە وێستگەی گازی خۆرمەڵەش کار بۆ بەرھەمھێنانی ٥٠٠ مێگاواتی دیکە دەکرێت و بە تەواوبوونیان ٧٥٠ مێگاواتی دیکەی کارەبا زیاد دەبێت.”

پێشڕەو نووری ڕوونی کردەوە: “ئەوەی وێستگەی بازیان ئەمساڵ کۆتایی دێت و کارەبا بەرھەم دێنێ، بەڵام وێستگەی گازی خۆرمەڵە دەکەوێتە ساڵی داھاتوو، ھەنگاوەکانی وەزارەت بە ئاراستەی زیادکردنی بەرھەمی کارەبا بەردەوام دەبێت، ئەویش لە ڕێگەی پلانی وەزارەتەوە.”

Back to top button