لە ھەرێمی کوردستان ٥٠٠ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری ھەن

بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار دەڵێ، تۆمارکردنی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە زیادبووندایە و ئێستا ٥٠٠ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری ھەن و ئاشکرای کرد، لە پلاندایە تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی ھاتنی گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان بگەیەندرێتە ٢٠ ملیۆن گەشتیار.

لەم بارەیەوە سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار  ڕاگەیاند: “یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزارە و ساڵانە بەپێی پلانێک گەشتیار دێنە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داھاتووش پلان ھەیە بۆ ھێنانی گەشتیار تا ساڵی ٢٠٣٠ لە پلانی گەشتوگوزاردایە کە ژمارەی ھاتنی گەشتیار بگەیەنێتە ٢٠ ملیۆن گەشتیار.”

بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن دەشڵێت: “دوای کۆتاییھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تۆمارکردنی کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری ڕوو لە ھەڵکشانە و ئێستا نزیکەی ٥٠٠ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری ھەن و بەردەوامیش ژمارەیەکە لە زیادبووندایە.”

تۆفیق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “کەرتی گەشتیاری یەکێکە لە کەرتە گرنگەکان و بەھۆی سروشتی ھەرێمی کوردستانەوە ژمارەیەکی بەرچاوی ناوچەی گەشتیاری ھەن و ساڵانە گەشتیاران ڕووی تێ دەکەن، بێگومان بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار دەبێتە ھۆی گەشەکردنی ئابووریی ھەرێم، چونکە چەندی ژمارەی گەشتیار زیاد بێت و شوێنی گەشتیاری و پڕۆژەی گەشتیاری بکرێتەوە، ھەلی کاریش زیاد دەبێت و داھات زۆرتر دەبێت و لە داھاتوودا کەرتی گەشتوگوزار دەرفەتێکی زۆر بۆ ھاووڵاتیان دەڕەخسێنێت.”

Back to top button