ماستەرپلانی سۆران ھەموار دەکرێتەوە

بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ماستەر پلانی سۆران ھەموار دەکرێتەوە، گوتیشی: ھەموارکردنەوەی ماستەرپلانی سۆران بەگوێرەی خواست و ڕەچاوکردنی ڕەوشی ئێستای سۆران دەبێت.

ھەژار حەکیم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران  ڕایگەیاند: دوای بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ماستەرپلانی شاری سۆران پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرپەرشتیاری ئیدارە سەردانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری کردووە و باسی ھەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شاری سۆرانیان کردووە، بەپێی پێویستی ماستەرپلانەکە گۆڕانکاری دەکرێت و ھەموار دەکرێتەوە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی: ماستەرپلانی شاری سۆران بەشێوەیەک ھەموار دەکرێتەوە لە ئاستێکی باشتر و باڵاتر دەخرێتە خزمەت ھاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

ھەژار حەکیم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھەموارکردنەوەی ماستەرپلانی سۆران کاریگەری لەسەر باشترکردنی خزمەتگوزاری و دروستکردنی ژێرخانی سۆران دەبێت، چونکە بەپێی خواست و پێویستی ئێستا و داھاتووی سۆران دەستکاری ماستەرپلان دەکرێت، ھەموو بوارەکان لەبەرچاو گیراون ئەمەیش دەبێتە ھۆی بوژانەوەی سۆران.

Back to top button