مانگانە؛ ترلیۆنێک و٥٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم ڕەوانە دەکرێت

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە 18 ترلیۆن و 310 ملیار دیناری بۆ رەوانە دەكرێت لەبەرامبەر ناردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو 50% داهاتە فیدڕاڵییەكان كە مانگانە ترلیۆنێك و 525 ملیار دینار دەكات.

بودجەی عێراق دوای گفتوگۆیەكی چڕ لەلیژنەی دارایی و پێنج رۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پەسەندكراو رەوانەی سەرۆك كۆمار دەكرێت و كەبڕیارە دوای گەڕانەوەی دكتۆر لەتیف رەشید لەئیتاڵیا لەگەڵ راوێژكارە ئابورییەكانی كۆببێتەوەو لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پەسەندی بكات،  دواتر لە رۆژنامەی فەرمی وەقایعی عێراق بڵاودەكرێتەوەو دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت.

لەماددەی 12ی یاساكەدا پشكی هەرێمی كوردستان بە 12.67 جێگیركراوەو هەرێم لەساڵێكدا 18 ترلیۆن دینارو 310 ملیار دیناری بۆ رەوانە دەكرێت و مانگانە ترلیۆنێك و 525 ملیار دینار دەكات وەك دكتۆر ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم باسی كردووە.

هەرێمی كوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدادو 50% داهاتە فیدراڵییەكان و قەرزی بانكی بازرگانی بداتەوە.

هەرێم پابەند كراوە پارەی بانكی بازرگانی عێراقی بداتەوە كە سێ ترلیۆن و 900 ملیار دینارە، كە لەماوەی حەوت ساڵدا بیداتەوە كە بە 84 مانگ دەدرێتەوەو مانگانە دەكاتە 46 ملیارو 428 ملیۆن دینار. لەماددەی 13ی یاسای بودجەی عێراق، هەرێم پابەندكراوە كە 50%ی داهاتە فیدراڵییەكان بدات كە بە 780 ملیار دینار بۆ ساڵێك خەمڵێندراوە كە مانگانە 65 ملیار دینار دەكات بیداتە بەغداد. واتا هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2023دا دەبێت بڕی ترلیۆنێك و 337 ملیار دینار پارەی 50%ی داهاتە فیدراڵییەكان و قەرزی بانكی بازرگانی عێراقی بداتەوە.

واتا هاوكێشەكە دوای دەركردنی قەرزی بانی بازرگانی عێراق و داهاتە فیدراڵییەكان لەساڵێكدا دەكات  هەرێم لە ساڵێكدا 16 ترلیۆن و 973 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە كەمانگانە ترلیۆنێك و 414 ملیار دینار دەكات.

هەرێمی كوردستان مانگانە 912 ملیار دینار دەداتە مووچەو 75 ملیار دینار بۆ وەزارەتەكانی خەرج دەكات كە 987 ملیار دەكات، واتا مانگانە دوای دەركردنی مووچە 427 ملیار دیناری بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییەكان بۆ دەمێنێتەوە.

هەرێمی كوردستان مانگانە لەنێوان 200 بۆ 250 داهاتی نانەوتی هەیە، ئەگەر تەنها 150 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ ئاماژە پێبكەین، ئەوا هەرێمی كوردستان مانگانە بەزیادەی پارەكەی بەغداد دوای دەركردنی مووچە، مانگانە بەكۆی گشتی هەرێمی كوردستان مانگانە 577 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە.

بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی كە لەحكومەتی هەرێم دەستیكەوتووە، رێكخستنەوەی دارایی هەرێم كە لەنێوان سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەیدا رێككەوتن كراوە ئاماژە بەوە كراوە كە 50%ی ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە بدرێتەوە بە قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم كە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار قەرزارن.

هەروەها 50%كەی دیكەی كەمانگانە دەكاتە 268 ملیارو 500 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەشێوەیەكی دادپەروەر بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بكرێت بەڕەچاوكردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان كەنزیكەی 226 ملیار دینارە لەپشكی بودجەی هەرێم.

لەماددەی 13ی یاسای بودجە ئەوە جێگیركراوە كە حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە رادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ بە مەرجێك رۆژانە 400 هەزار بەرمیل كەمتر نەبێت و  ئەگەر نەتوانرا نەوتی هەرێم هەناردە بكرێت بەهەر هۆكارێك ئەوا وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ناوخۆ بەمەبەستی پاڵاوتن بۆ سوتەمەنی ( بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی) بەكاریدەهێنێت.

هاوكات وەزارەتی دارایی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم قەرەبوو دەكاتەوە بەشێوەیەك تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەكسان بێت لەگەڵ تێكڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەعێراق كە بەغدا بۆ هەر بەرمیلێك چوار تا شەش دۆلار دەدات، بەڵام هەرێمی كوردستان لەسەدا 51ی داهاتی نەوتی بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان رۆشتووە، بۆیە بەشێك لەو پارەیە بۆ خەرجی دەرهێنانی نەوت دەڕوات.

یاسای بودجەی عێراق كە 198 ترلیۆن و 900 ملیار دینارەو 64 ترلیۆن و 357 ملیار دینار كورتهێنانی هەیەو پشكی هەرێم دوای خەرجی سیادی و حاكیمە بە 12.67% پەسەند كراوە.

لەبودجەی عێراق نرخی نەوت بە 70 دۆلار دانراوەو عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل و هەرێمی كوردستان 400 هەزار بەرمیل بەرهەمیان دەبێت، هەروەها یەك دۆلار بە هەزارو 300 دینار دانراوە.

Back to top button