محەمەد شوکری: دوو کۆمپانیا ئامادەییان دەربڕیوە ھێڵی شەمەندەفەر دروست بکەن

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، دوو کۆمپانیای بەناوبانگی ئەڵمانی لەبواری دروستکردنی ھێڵی ئاسنین بۆ شەمەندەفەر ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ھێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر لە ھەرێمی کوردستان دروست بکەن و حکوومەتی ھەرێمیش بەجددی لەسەر خەتە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت.

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “دوو کۆمپانیایی ئەڵمانی بەناوی مارتن رۆزە و ئێچ جی گرووپ کە خاوەن ئەزموونی دەیان ساڵن لە بوارەکانی دروستکردنی بەرزە پرد و رێگاوبان و دروستکردنی ھێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر، ئەوان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ھێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێمی کوردستان دروست بکەن”.

دکتۆر محەمەد شوکری راشیگەیاند: “ئەو دوو کۆمپانیایە مەبەستیان ئەوەیە زیاتر ھاوکاربن لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری تەکنیکی بۆ ئەوەی بتوانن بەئاسانی پڕۆژەی دروستکردنی ھێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئەو پرسە پەیوەستە بەھەردوو وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و ئاوەدانکردنەوە، ھاوکات ئێمەش ھاوکاریان دەکەین کەچۆن بتوانین بەکرداری ھەنگاوی بۆ بنرێت و حکوومەتی ھەرێمیش بەجددی لەسەرخەتە، بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێکی باش و سوودیش لەو کۆمپانیا بیانیانە وەرگرین بۆ دروستکردنی ئەو ھێڵانە لە ناوخۆ و شارەکانی ھەرێمی کوردستان”.

ھـەریـەک لـە مـارتـن رۆزە گـرووپ و ئێچ جی گـرووپـی ئـەڵمـانـی خـاوەن چـەنـدیـن پـڕۆژەی وەبـەرھــێـنـانـن لـە بـوارەکـانـی بـەرزە پـرد و رێـگـاوبـان لـە وڵاتـەکـانـی ئـەورووپـاو ئـەفـریـقـیـا و رۆژھـەڵاتـی نـاوەڕاسـت.

Back to top button