محەمەد کەمال: دانانی قایمقامی داقووق لەلایەن راکان جبوورییەوە ڕەت دەکەینەوە

پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، کەسێکی بە ڕەگەز عەرەبی کردووەتە قایمقامی داقووق و بەرپرسی لقی پارتییش لە کەرکووک دەڵێت: ”نەک ئێمە نوێنەرانی عەرەبی دژی ئەو ھەنگاوەی جبوورین و دانانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان بەو شێوەیە ڕەت دەکەینەوە.”

محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک ڕاگەیاند: ”پارێزگاری کەرکووک بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، فەرمانبەرێکی پەروەردەی بە ڕەگەز عەڕەبی بە ناوی عەبدولستار عەلی مەحموود کردووەتە قایمقامی قەزای داقووق و ماوەیەکە لەو سنوورە بەبێ پرسکردن و گەڕانەوە بۆ بەغدا بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقام دیاری دەکرێن، نەک تەنیا ئێمە ڕەتی دەکەینەوە، ھەندێک نوێنەری عەرەبیش دژی ئەو ھەنگاوانەی پارێزگاری کەرکووکن.”

بەرپرسەکەی پارتی لە کەرکووک دەشڵێت: ”ڕێژەی عەرەب بەروارد بە کورد لە داقووق زۆر کەمە و پێویستە پۆستی قایمقام بۆ کورد بێت، نەک پارێزگار بە ئارەزووی خۆی خەڵک لە پۆستەکان دابنێت، ئەمە کاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی ئەو ناوچانە دەبێـت.”

محەمەد کەمال ڕوونی کردەوە: ”دانانی قایمقامی عەرەب لە ناوچە کوردستانییەکان درێژەپێدەری تەعریبە و چوون لەنێو کەرکووک پرۆسەی تەعریب ھەر بەردەوامە، دانانی کەسانی ئیداری لە ناوچە کوردستانییەکان دەرفەتێکی دیکەیە بۆ درێژەدان بە عەرەبکردنی ناوچەکە و مەترسی لەسەر ڕەوشی ئەو ناوچانە و خەڵکە ڕەسەنەکەی دەبێت.”

Back to top button