مرۆڤ دەتوانێت چەند کاتژمێر بە زیندوێتی لەژێر داروپەردودا بمێنێتەوە؟

هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی کە لە ژێر داروپەردوی باڵەخانەکاندا ماونەتەوە لە تورکیا و سوریا دوای بومەلەرزە بەهێزەکان بەردەوامە و دوای چەندین کاتژمێر هێشتا خەڵك بە زیندوێتی دەهێننە دەرەوە، لێرەوە پرسیاری ئەوە دروست دەبێت، ئایا مرۆڤ دەتوانێت چەند کاتژمێر بە زیندوێتی لە ژێر داروپەردودا بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی رزگار دەکرێت؟

بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی بواری فریاکەوتن، ئەو کاتەی کە مرۆڤێك بە زیندوێتی لە ژێر داروپەردودا دەمێنێتەوە پەیوەندی هەیە بە دۆخی کەشوهەواوە، بەجۆرێك ئەگەر زۆر سارد یان زۆر گەرم بێت رەنگە ماوەکە کورت ببێتەوە، چونکە توانای بەرگەگرتنی مرۆڤەکە کەمدەبێت، وەك لە هەواڵێکی ماڵپەڕی “روسیا تودەی”دا باسکراوە.

پسپۆڕان دەڵێن، زۆرترین ژمارەی رزگارکردن لە ٢٤ کاتژمێری یەکەمدا دەبێت، دوای ئەوە رۆژ بە رۆژ ژمارەکە دادەبەزێت.

مانەوە لە ژیانیشدا لەژێر داروپەردودا پەیوەندی هەیە بە چەند فاکتەرێکی سەرەکییەوە کە گرنگترینیان بریتییە لە ئاو، پلەی گەرما و گەیشتنی هەوا، لەکاتێکدا نەبوونی خواردن کێشە دروست ناکات چونکە زۆرینەی ئەو کەسانە دەتوانن بۆماوەی هەفتەیەك بەبێ خواردن بژین، بەڵام بەبێ ئاو تەنها دەتوانن چەند رۆژێك بەردەوام بن لە ژیان.

قورسترین شتیش ئەوەیە کە بریندار ببن و نەتوانن بجوڵێن، هەروەها ئەگەر شوێنەکەیان داخراو بێت رەنگە پلەی گەرما تێیدا بەرزببێتەوە لەگەڵ دوانەئۆکسیدی کاربۆندا، کە ئەمەش ئەگەر بگات بە ئاستێکی بەرز رەنگە ببێتە هۆی خنکان.

ئەگەر یەکێکیش لە ژێر داروپەردووەکەدا بێت و بریندار نەبێت و هەوای پێ بگات و لە مەودایەکی گونجاودابێت، ئەوا بۆئەوەی لە ژیاندا بمێنێتەوە دەبێت هەوڵبدات بگات بە ئاو.

بەگوێرەی وتەی پسپۆڕان، هەرچەندە قورسە ئەو ماوەیە دیاری بکرێت کە مرۆڤ دەتوانێت بەبێ ئاو بژی، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان دەکرێت مرۆڤ سێ بۆ حەوت رۆژ بەبێ ئاو لەژیاندا بمێنێتەوە.

لەسەروو ئەمانەشەوە پلەی گەرمیی ئەو شوێنەی کە تێیدا گیربووە رۆڵێکی گەورە دەبینێت لەسەر مانەوەی تاکەکە لە ژیاندا چونکە پلەی گەرما دیاری دەکات ئەو کەسە چەند شلە لەرێگەی ئارەقەوە لەدەستدەدات، هەروەها دۆخی تەندروستی کەسەکە و تەمەنیشی کاریگەرییان دەبێت.

Back to top button