مه‌سروور بارزانی په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی ساڵیادی ڕاپه‌رین بڵاوكرده‌وه‌

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی 32ـەمین ساڵیادی راپەڕینی 1991ی خەڵکی کوردسیان رایگەیاند: راپەڕین پەیامێکی روون و زوڵاڵی خەڵکی کوردستان بوو بۆ هەموو جیهان، کە ژێردەستەیی و داگیرکاری رەتدەکاتەوە و دەیەوێ بە سەربەرزی و شکۆمەندانە بژی.

دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بە بۆنەی ( 32 )مین ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزن و شکۆداری گەلی کوردستان لە ئاداری 1991، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەزری شەهیدان دەکەم.

ڕاپەرینی شکۆداری 1991، بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی هێزە کوردستاییەکان و پێکهاتە جیاوازەکان و چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بوو، کە وەرچەخانێکی مێژوویی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناو ڕزگاربوونی لە ستەم و چەوساندنەوە و داگیرکاری و بەدەستهێنانی ئازادی دروست کرد.

ڕاپەڕین پەیامێکی ڕوون و زوڵاڵی خەڵکی کوردستان بوو بۆ هەموو جیهان، کە ژێردەستەیی و داگیرکاری ڕەتدەکاتەوە و دەیەوێ بە سەربەرزی و شکۆمەندانە بژی. لەم یادە پیرۆزەدا، جەخت لە هاوهەڵوێستی و تەبایی خەڵکی نیشتیمانپەروەری کوردستان دەکەینەوە بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، کە بە هەموو شێوەیەک، بەرگریان لێ دەکەین و دەستبەرداریان نابین و بەردەوام دەبین لە کاروانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان.

لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی نەمری ڕاپەرین و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

 

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

Back to top button