میدیا، لەنێوان بەرپرسیارێتی و بەرەڵایدا

كرمانج شەریف

هەموومان ڕووداوەکانی 11ی سێپتەمبەرمان بیرناچێت کە ھێرش کرایە سەر ئەمریکا، ئەوەش بریتی بوو لە کۆمەڵێک ھێرشی تیرۆرستی دوا بە دوای یەک کە لە ڕۆژی سێ‌ شەممە ڕێکەوتی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ لەلایەن رێکخراوی ئەلقاعیدە لە خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕوویاندا، ئاڕاستەی چوار فڕۆکەی مەدەنی بازرگانی گۆڕدران بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو کە سیانیان سەرکەوتبوو لە پێکانی ئامانجەکانیدا، و ئامانجەکانیش تاوەری بازرگانی نێودەوڵەتی بوو لە منھاتن و بارەگای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە ئەنجامدا ٢٩٧٣کەس کوژران و ٢٤ کەس وونبوون لەگەڵ ھەزاران بریندار و تووشبوو لە ئەنجامی کەوتنەوەی دوکەڵی ئاگر و ھەڵمە ژاراوییەکاندا.

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش ئایا میدیا چ ڕۆڵێکی گێرا؟ کاتێک تەواوی میدیا بیسراو بینراوەکانمان ڕاستەوخۆ دەبینی هیچ هاوڵاتیەکی ئەمریکی و بگرە هیچ میدیایەک دژی وڵاتەکەی خۆیان نەوەستانەوە و هەموویان لەیەک چوارچێوەدا ڕایانگەیاند کەئەمە هێرشە بۆ سەر ئەمریکا و ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکە، کەسیشمان نەبینی وەکو میدیاکانی خۆمان بڵێن ئەوە دەستی فڵان و فیسانی لەپشتەوەیە، هەموو بەیەک دەنگ وتیان هێرشە دژی سەروەری و ئازادی و سەربەخۆی خاکی ئەمریکا.

بەڵام میدیاکانی ئێرە زۆر جیاوازن لەوانەی جیهان هاوشێوەیان نیە، لەشەڕی داعش و پێشمەرگە، بەپێشمەرگەیانی سەنگەریان دەوت بۆکێ و بۆچی خۆتان بەکوشت دەدەن، ئێ ئەو شەڕەش تێپەڕی هەرچەندە بەداخەوە ئەوانە هێرش بوو بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و کورد بەگشتی، دواتر لەسەردەمی ڕیفراندۆمدا دیسانەوە جاڕی دوژمنایەتیاندا و ڕەتیان کردەوە گوایە کاتی نیە و نابێت و بانەکرێت، کەچی هەمووشیان دەنگیاندا و دواتریش دیسانەوە دژی وەستانەوە تاکو خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ڕوویدا و بووە هۆی لەدەستدانی 51% خاکی کوردستان، دواتر پرسی دروست بوونی کابینەی 9ی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان هێنایە مەیدان و لەخۆیانەوە دیسانەوە دژی ڕاوەستان، کە کۆرۆنا هات دیسانەوە دژی حکومەت ڕاوەستان، نرخی نەوت دابەزی دیسانەوە دژی حکومەت ڕاوەستان، ئێستاش دیسانەوە دەڵێن با سوپای عێراق بێت و کوردستان نەوت و داهات و خاڵی سنوری و مووچە و بووجە و هەرچی هەیە ڕادەستی بەغدادی بکات لەسەروی هەمووشیەوە بانگەشەی هەڵوەشاندنەوە هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە ڕۆژێک نەمانبینی لەگەڵ ستراتیژی نەتەوەیی و ئاو خاک و نیشتیمانەکەی خۆیان بن، هەموو ئەمانە لەڕێگەی میدیاوە ئەنجامدرا، بۆیە دیدگایان ڕوون نیە ئێستاش خۆشیان نازانن بۆچی دژ بوون و ئایا چی دەکەن و نیازیان چییە ؟ تەنها پاشا گەردانیەکیان دروست کردووە هیچی تر.

دواتر بەدروست کردنی سیناریۆ و هەواڵی درۆ و پروپاگەندەو چەواشەکاری عەقڵی خەڵکیان شۆردووەتەوە تەنانەت شکۆ تاکی کوردیشیان شکاند، بەهیچ شتێکەوە ڕانەوەستاون، ئەمانە بەڕەڵاییە بەڵام بەناوی ئازادی و بەرپرسیارێتیەوە بەخەڵکی داماوی دەفرۆشنەوە.

Back to top button