مێسی قسە لەگەڵ مردوویەک دەکات..

مێسی قسە لەگەڵ مردوویەک دەکات..

لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، پێش ئەوەی خۆی و هاوڕێکانی نازناوی جامی جیهانی 2022ـی قەتەر ببەنەوە، وا دیاربوو لە دۆخێکی زۆر سۆزداریدا بوو، کە مانگێک پێش ئێستا بەرامبەر فەرەنسا یاریی کۆتایی مۆندیالیان ئەنجامدا.
هەردوو هەڵبژاردە لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و لە کاتی یاسایی و دوو گێمی زیادکراودا بە ئەنجامی 3-3 یەکسانبوون کۆتاییهات و پەنایان بردە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، کە دواجار ئەرجەنتین بردییەوە و بووە پاڵەوانی مۆندیال.
سەرکەوتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای ئەوە هات کە گۆنزالۆ مۆنتێل چوارەمین لێدانی سزای بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرد، بەجۆرێک رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی هەڵوێستی مێسی ئاشکراکرد بەرلەوەی مۆنتێلی هاوڕێی لێدانی بردنەوە تۆماربکرێت.
ئەو ساتەوەختە مێسی سەری بەرزدەکاتەوە و سەیری ئاسمان دەکات، بە زمانی ئیسپانی دەڵێت Puede ser hoy، abu واتا “داپیرە دەکرێت ئەمڕۆ بێت”، واتا دەکرێت ئەمڕۆ رۆژی بردنەوەی مۆندیال بێت.
سیلیا ئۆلیڤێرا کوچیتینی، داپیرەی مێسی، کە لە ساڵی 1998 کۆچی دواییکردووە، رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە پێگەیاندنی مێسی ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنا و ئێستای پاریس سانجێرمان.
خاتوو کوچیتینی پاڵپشتی خواستی مێسی بوو بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانی تۆپی پێ، بەڵام کاتێک نەوەکەی تەمەنی تەنیا 11 ساڵ بوو کۆچی دواییکرد، بۆیە تاوەکو ئێستاش کاتێک مێسی گۆڵ دەکات زۆربەی جار سەری بەرزدەکاتەوە و ئاماژە بە ئاسمان دەکات و گۆڵەکەی پێشکێشی داپیرەی دەکات.
مێسی پێشتر چیرۆکێکی کاریگەرانەی لەسەر کاریگەری داپیرەی لەسەر ژیانی خۆی ئاشکرا کردووە و دەڵێت “کاتێک منداڵ بووین، هەموومان دەچووینە ئەو یانەیەی لە گەڕەکەکەمان بوو، کە هەمیشە هەموو برا و ئامۆزاکانم یارییان دەکرد، هەریەکێکیان لە تیپێکدا یاری دەکرد، چونکە هەموومان تەمەنمان جیاوازبوو، من زۆر بچووک بووم، بۆیە من لە هیچ تیپێکدا نەبووم، بەڵام جارێکیان یەکێک لەو تیپانە یاریزانێکی لەدەستدابوو، بۆیە داپیرەم بە راهێنەرەکەی گوت یاریم پێبکات، ئەویش لە وەڵامدا گوتی، چۆن رێگە بدەین ئەو یاری بکات؟ ئەو زۆر بچووکە”.
مێسی بەردەوامە لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە و دەڵێت “سەرەڕای ئەمە، داپیرەم سووربوو لەسەر هەڵوێستەکەی، دەیویست یاری بکەم، لەبەرئەوەی داپیرەم زۆر خۆشەویست بوو لەلایەن هەموو کەسێکی یانەکەوە، داواکەیان قبوڵکرد و من چوومە نێو یارییەکە و دوو گۆڵم تۆمارکرد”.
لیۆ دەڵێت “هەرچەندە ئەگەر راستگۆبم زۆرم لەبیر نییە، چونکە زۆر بچووک بووم، بەڵام ئەوە ئەو چیرۆکەیە کە داپیرەم هەمیشە دەیگێڕایەوە”.
Back to top button