مەترسی لەسەر بەرھەمی جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکان ھەیە

سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵیش بەرھەمی گەنمی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان مەترسیی سووتاندنی لەسەرە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دانوستانی ئەنجام داوە بۆ پاراستنی دەغڵودانی جووتیارانی کورد.

جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان، ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی ھێزی پێشمەرگە ویستی بەرگری لە خەڵکی پەلکانە و سەرگەڕان بکات، ئەوەش دوای ھەڕەشەی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی کورد لەو سنوورە، بەداخەوە ئەمساڵیش مەترسی سووتاندنی بەرھەمی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان هەیە، حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دانوستانی کردووە و پەرلەمانی کوردستانیش لەگەڵ پەرلەمانتارانی عێراق ھەماھەنگییان کردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ بەرھەمی جووتیاران پارێزراو بێت و جووتیاران بتوانن بەرھەمی خۆیان دروێنە بکەن.”

سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان دەشڵێت: “ئێستا ڕەوشی ئەو ناوچانە ڕادەیەک ئارامیی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بابەتەکە لە ڕیشەوە چارەسەر نەکراوە مەترسی ماوە لەسەر بەرھەمی جووتیاران.”

جوان ڕۆژبەیانی ڕوونی کردەوە: “پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێم بە یەکەوە داوامان کرد جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بخرێنە نێو کارنامەی حکوومەتی سوودانی، خۆشبەتانە خراونەتە نێو کارنامەی حکوومەتی عێراق و ئێستا ڕەوشەکە بەرەو ئەوە دەچێت ھەنگاو بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بنرێت و نووسینگەی ماددەی ١٤٠یش کارا کراوەتەوە و ئەو ڕێککەوتنانەی نێوان ھەردوو حکوومەتن جێبەجێ دەکرێن، چەند خاڵێک ھەیە پێشتر لەلایەن بەناو سەرکردایەتیی شۆڕش لە سەردەمی بەعس دەرکراون، بۆ نموونە بڕیاری ٩٤٩ تایبەتە بە پەلکانە و بەو بڕیارە ١٢ گوند ڕادەستی عەرەبی ھاوردە کراوە، ھەندێ بڕیاری بەناو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش ھەن پێویستە لە پەرلەمانی عێراق ھەڵبوەشێنەوە، ڕێککەوتنەکانی ھەرێم و بەغدا جێبەجێ بکرێن.

ڕۆژبەیانی گوتی: “پێویستە حکوومەتی عێراق پابەند بکرێت بە کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنیی ئەو ناوچانە و عەرەبی ھاوردە و چەکدارانی داعش جیا بکرێنەوە، چونکە زۆر جار عەرەبی ھاوردە بە ناوی داعشەوە ھێرش دەکەنە سەر کوردانی ناوچە کوردستانییەکان، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچانە دەرکەوتووە زۆربەی ھێرشەکانی سەر کوردانی ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن عەرەبی ھاوردەوە دەکرێن بۆ ئەوەی کورد لەژێر ھەڕەشە و مەترسیدا ناوچەکە بەجێ بێڵن.”

Back to top button