مەحما خەلیل: پێشنیارمان کردووە شنگال بکرێتە پارێزگا

بەھەوڵی فراکسیۆنی پارتی چەندین پڕۆژە بۆ دەڤەری شنگال بەدەست ھاتوون و پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرایکرد: پێشنیارمان کردووە قەزای شنگال بکرێتە پارێزگا و بخرێتە سەر ھەرێمی کوردستان.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند: بەھەوڵی فراکسیۆنی پارتی ئێمە وەک نوێنەرانی ناوچەکە لە پەرلەمانی عێراق توانیومانە ڕەزامەندی بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەر بگرین و بەشێکیشیان چوونەتە بواری جێبەجێکردن و بەشێکی دیکەش دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان جێبەجێ دەکرێن، پڕۆژەکان ھەموو سێکتەرەکانی ئاو و کارەبا و تەندروستی و ڕێگاوبان لە خۆ دەگرن.

مەحما خەلیل ڕوونی کردەوە: بڕیارە زانکۆی شنگالیش بکرێتەوە، پێشنیارمان کردووە قەزای شنگال بکرێتە پارێزگا و بخرێتە سەر ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا پرسی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوان و گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە بۆ شوێنی خۆیان یەکێکە لە کارەکانی ئێمە بۆ ھاووڵاتییانی دەڤەری شنگال، بەردەوامیش دەبین لەسەر ئاسایی کردنەوەی ڕەوشی شنگال.

Back to top button