مەسرور بارزانی؛لە قۆناغی بەھێزی پەیوەندییەکانمانداین لەگەڵ ئەمریکا

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، سه‌رۆك بایدن له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌ سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند، پێكه‌وه‌ هاوپه‌یمان و دۆست بووین و زیاتریش پێكه‌وه‌ ده‌بین و به‌های هاوبه‌شمان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌.

گوتیشی: له‌ شه‌ڕی داعش، یه‌كه‌م بۆردومانی داعش له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ 14 میل لێره‌وه‌ دوور بوو، ئێمه‌ به‌رگریمان كرد و شه‌ڕمان له‌ دژی داعش كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌هاكانی خۆمان و ئه‌مه‌ریكا و جیهان بپارێزین.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌ 1991 ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هاوپه‌یمانییه‌كی گه‌وره‌ی درووست كرد بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی ئێمه‌ بپارێزێت.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، له‌ 2003 ئێمه‌ پشتیوان بووین بۆ له‌ناوبردنی سه‌دام حوسێن، له‌ 2005یش ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاوكاریان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشێك له‌ به‌غدا درووست بێت و پێكه‌وه‌ژیان و دیموكراسی بێته‌ دی.

مه‌سرور بارزانی، باسی له‌وه‌شكرد، هه‌رێمی كوردستان كاتێك پابه‌نده‌ به‌ بنه‌ماكانی خۆیه‌وه‌، به‌ڵام شه‌ڕی داعش كۆتایی نه‌هاتووه‌. هه‌تا پێكه‌وه‌ بین و پێداگیر بین، وره‌مان به‌رده‌وامه‌ و پێشمه‌رگه‌ توانیویه‌تی هێرشه‌كان بشكێنێت.

سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاشكرایكرد، ماتیو توله‌ر پێی راگه‌یاندووم، كه‌ ئه‌مه‌ریكا گه‌وره‌ترین كونسوڵخانه‌ی له‌ ئاستی جیهان له‌ هه‌ولێر كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م باڵه‌خانه‌یه‌ و ئه‌م كونسوڵخانه‌یه‌ ده‌بێته‌ سیمبوڵێك بۆ پابه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به‌ كوردستان.

Back to top button