مەسرور بارزانی: ئەندامانی گرووپی تیرۆریستیی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو باجی کردەوەکانیان دەدەن

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر پەیامێکی سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بنکەی سەربازیی تورکیا لە باشیک بڵاوکردەوە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: “بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیک و ئەو گرووپە تیرۆریستییەی لە پشت ئەم کارەوەن دەکەم . هێرشەکانی ئەم دواییە هەوڵێکی زۆر دیار وئاشکران بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی ئێمە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی”.

نووسیویەتشی: “هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت ، دەبێت دەستبەجێ لەسنووری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە . لە ڕۆژانی داهاتوودا من لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکەم”.

مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە: “ئەمشەو لەگەڵ سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی و سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبووسی قسەم کرد ، بۆ جەختکردنەوە و دووپاتکردنەوەی هەماهەنگیمان دەربارەی ئامانجی هاوبەشمان بۆ لێپرسینەوە لەو گرووپە نایاساییانە . خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو ، باجی کردەوەکانیان دەدەن”.

Back to top button