مەسرور بارزانی : ده‌بێت هه‌موومان به‌ یه‌كه‌وه‌ داوای یه‌ك ئامانجی دیاریكراو بكه‌ین

کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستوور لە هەولێر دەستیپێکرد و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێک پێشکەش دەکات.

لە سەرەتای گوتارەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “بە قسە و دروشم یەکڕیزی دروست نابێت، پێش ئەوەی یەکڕیزی دروستبکەین، دەبێت ئامانجی خۆمان یەکبخەین، دەبێ یەکڕیزبین بۆ گەیشتن بە قۆناغێک کە بۆ هەموومان وەک یەک وابێت، ناکڕێ داوای یەکڕیزی بکەین و بەرەو دوو ئاراستەی جیاواز هەنگاوبنێین”.

ده‌قی گوتاره‌كه‌ی “مه‌سرور بارزانی”، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

به‌ڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

به‌ڕێز رێواز خان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

به‌ڕێز جه‌نین خان، نوێنه‌ری وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان

به‌ڕێزان و نوێنه‌رانی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پیاوانی ئایینی و به‌ڕێزانی ئاماده‌بوو له‌م كۆنفرانسه‌

زۆر خۆشحاڵ ده‌زانم كه‌ ده‌رفه‌ت رێكخرا، كه‌ به‌شداری له‌م كۆنفرانسه‌ بكه‌ین، كه‌ باس له‌ یه‌كڕیزی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، یه‌كڕیزی وشه‌ و دروشمێكی جوانه‌، پێش ئه‌وه‌ی یه‌كڕیزی دروست بكه‌ین، پێویسته‌ ئێمه‌ ئامانجی خۆمان یه‌ك بخه‌ین، ئێمه‌ یه‌كڕیز بین بۆ گه‌یشتن به‌ قۆناغێك كه‌ ئه‌و قۆناغه‌ بۆ هه‌موومان وه‌كو یه‌ك وابێت، ناكرێت داوای یه‌كڕیزی بكه‌ین و به‌ره‌و دوو ئاراسته‌ی جیاواز جووڵه‌ بكه‌ین، ناكرێت ئێمه‌ له‌ناو پاپۆڕێك بین ئه‌گه‌ر دوا قۆناغ و مه‌قسه‌دمان یه‌ك نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ پێش ئه‌وه‌ی یه‌كڕیزی وه‌كو وشه‌ یا وه‌كو دروشم به‌كاربێت، پێویسته‌ ئێمه‌ باس له‌ دوا قۆناغی خۆمان بكه‌ین، كه‌ بۆچی یه‌كڕیز ده‌بین، ئه‌نجام و ئامانجی ئێمه‌ له‌و یه‌كڕیزییه‌ چییه‌ و ده‌مانه‌وێ چی بكه‌ین؟

بێگومان ئه‌مه‌ش هه‌روا دروست نابێت، ئه‌گه‌ر گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌كرێت، له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتربكه‌ن، به‌ مێشكێكی فراوانه‌وه‌ ئاماده‌بن گوێ له‌ یه‌كتربگرین و یه‌كتر قه‌بوڵ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجه‌ی كه‌ مه‌به‌ستی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌، ئێمه‌ بتوانین له‌سه‌ری رێكبكه‌وین و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه‌ هه‌نگاو بنێین، به‌وه‌ ده‌توانین یه‌كڕیزی خۆمان بپارێزین، به‌ ده‌ستنیشانكردنی ئامانجی هاوبه‌ش، ده‌توانین یه‌كڕیزی خۆمان رێكبخه‌ین و به‌یه‌كه‌وه ‌به‌ره‌و ئه‌و ئامانج هه‌نگاو بنێین.

ئێمه‌ نموونه‌ی زۆرمان هه‌یه،‌ له‌و كاتانه‌ی یه‌كڕیز بووین ده‌ستكه‌وته‌كانمان چی بوون، له‌سه‌ره‌تای راپه‌ڕینی 1991 هه‌موومان بینیمان كه‌ به‌ یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌ستكه‌وته‌كانمان چی بوون، ئێمه‌ توانیمان كیانێك دابمه‌زرێنین، كه‌ ئێستا ئێمه‌ له‌ ئه‌نجامی خه‌بات و ئه‌و هه‌وڵ و ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ژین و بووینه‌ته‌ خاوه‌نی حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش.

له‌ دوا قۆناغدا بینیمان له‌ هه‌نگاوی هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر له‌ ده‌ربازكردنی یاسای بودجه‌ی عێراقی ئه‌مساڵ، كه‌ چۆن به‌یه‌كڕیزی توانیمان ئه‌و ئامانجه‌ش بپێكین، شتێكی زۆر ئاساییه‌ ئێمه‌ بۆچوونی جیاوازمان هه‌بێت، ئاساییه‌ وه‌كو حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بیركردنه‌وه‌ی جیاوازمان هه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت هه‌ندێك سنوور و چوارچێوه‌ هه‌بێت، كه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كار بكه‌ین و به‌یه‌كه‌وه‌مان ببه‌ستێته‌وه‌، ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ش ده‌كرێت له‌ ده‌ستووردا ده‌ستنیشان بكرێت. چین ئه‌و شتانه‌ی كه‌ نابێت هیچ یه‌كێك له‌ ئێمه‌ لێی لابدات، چین ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ده‌توانین به‌یه‌كه‌وه‌ كاری بۆ بكه‌ین، ناكرێت یه‌كێك داوای سه‌ربه‌خۆیی بكات و یه‌كێك داوای شتێكی دیكه‌ بكات، یه‌كێك داوای مه‌بده‌ئـو پره‌نسیپ بكات، یه‌كێك داوای شتێكی تر بكات. ده‌بێت هه‌موومان به‌ یه‌كه‌وه‌ داوای یه‌ك ئامانجی دیاریكراو بكه‌ین.

Back to top button