مەسرور بارزانی: دڵنیا بن له‌ داهاتوودا ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ره‌و باشتر ده‌چێت

مەسرور بارزانی: دڵنیا بن له‌ داهاتوودا ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ره‌و باشتر ده‌چێت و ئابووریی كوردستان به‌ره‌وپێش ده‌چێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئایار، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان، له‌ رێوڕه‌سمێكدا پڕۆژه‌ی گه‌شتیاریی ته‌له‌فریكی “چیای زاوا”ی له‌ شاری دهۆك كرده‌وه‌ و گوتارێکی پێشکەش کرد.

پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

• هه‌موو هه‌وڵێك بۆ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی دیكه‌ی ئابووری، وه‌كو كشتوكاڵ و پشه‌سازی جێبه‌جێ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی داهات له‌ كوردستان زیاتر بێت و ناچار نه‌بین ته‌نیا پشت به‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات ببه‌ستین.
• به‌رنامه‌ی چاكسازی له‌ حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستمان پێكردووه‌ و به‌رده‌وام ده‌بین، زۆر ئاسته‌نگ دروست ده‌كرێت بۆ حکوومەت و كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی جێبه‌جێ نه‌كرێت، به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌بین و به‌ پشتیوانی خوا و ئێوه‌، هیچ كه‌سێك ناتوانێت رامانبگرێت.
• دڵنیا بن له‌ داهاتوودا ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ره‌و باشتر ده‌چێت و ئابووریی كوردستان به‌ره‌وپێش ده‌چێت، بۆ ئه‌وه‌ی پێویستمان به‌ پشتیوانی و به‌شداری ئێوه‌ ده‌بێت، چ وه‌ك هاووڵاتی و وه‌ك كه‌رتی تایبه‌ت و حکوومەت، بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان به‌ره‌و پێشتر ببه‌ین.
• سه‌قامگیریی ئه‌منی و سیاسی گرنگه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیریی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان بپارێزێت، سه‌قامگیری و ئاسایشی كوردستانیش ده‌بێت بپارێزرێت و هه‌موو شتێك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.
• خودا رۆژوو و تاعه‌تتان قبووڵ بكا، خوا ته‌مه‌نی سه‌رۆكی ئێمه‌ درێژ بكا، خوا سه‌بووری به‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان بدا، منه‌تباری زه‌حمه‌تی و ماندووبوونی پێشمه‌رگه‌ین، هیوادارین خه‌ڵكی دهۆك و هه‌رێمی كوردستان كاتی خۆش له‌م پڕۆژانه‌ و شوێنه‌ خۆشه‌كانی دیكه‌ به‌سه‌ر ببه‌ن.

Back to top button