مەسرور بارزانی : كاردەکەین بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی کردنی زاخۆ بە ئیدارەیەکی سەربەخۆ خێراتر بکەین .

((خۆر))

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/7/21 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری زاخۆیکرد و لە باڵاخانەی قایمقامیەتی زاخۆ، لە گەڵ بەرپرسانی ئیداری دەڤەرەکە کۆبووەوە .

لە کۆبوونەکەدا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی و رۆڵی مێژوویی و شۆڕشگێڕانەی شاری زاخۆ وسنوورەکە بە گشتی و قوربانیدانەکانی کرد لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و گوتی، شاری زاخۆهاوشان لە گەڵ ناوچە و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان، شایستەی خزمەتکردنی زیاترە و هەرچی لە تواناماندابێت دەیکەین بۆ خزمەتکردنی ئەم دەڤەرە.

سەرۆکی حکومەت بەرپرسانی ئیداری دەڤەرەکەی ڕاسپارد کە بە بێ هیچ جیاوازییەک، خزمەتی هاووڵاتییانبکەن  و داخوازیی و سەرنج و تێبینی و گازاندەکانی هاووڵاتییان بە سینگێکی فراوانەوە وەربگرن.

پاشان سەرۆکی حکومەت لە گەڵ کەسایەتییەکانی شاری زاخۆ  و کەسوکاری شەهیدانی دەڤەرە کۆبووەوە وئاماژەی بە کارنامە و پلانەکانی حکومەت کرد بۆ خزمەتکردنی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان  وبەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و ئەنجامدانی چاکسازیی هەمەلایەنیکارگێڕی و ئابوورریی.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی حکومەتی هەرێم ، گرنگیدانە بەکەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و پشتگیریکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و بەرووبوومی ناوخۆییە بەشێوەیەک کە کۆمەڵگەی کوردستان لە بەکارهێنەرەوە ببێتە بەرهەمهێنەر.

سەرۆکی حکومەت بڕیاری ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە سنووری قەزای زاخۆ ڕاگەیاند کە بەپێی توانا داراییەکانی حکومەتی هەرێم بەم نزیکانە دەست بە جێبەجێ کردنیان دەکرێت. گوتیشی کار دەکەین بۆئەوەی هەنگاوەکانی کردنی زاخۆ بە ئیدارەیەکی سەربەخۆ خێراتر بکەین .

Back to top button