مەسرور بارزانی :په‌لاماری هه‌موو لایه‌ك دراوه‌ و ئەوە پیلانێكه‌ بۆ تێكدانی قه‌واری هه‌رێمی كوردستان

((خۆر))-

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان هه‌موو هه‌وڵێک بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ گرفتنه‌كان و راستکردنەوەی ئه‌م دۆخه‌ ناله‌بارە دەدات، بەڵام بەداخەوە کە خه‌ڵكانێک خزاونه‌ته‌ ناو خۆپیشانده‌ران و ڕه‌وته‌كه‌یان گۆڕیوه‌ و په‌لاماری فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كان و باره‌گا حزبییه‌كانیان داوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 9-12-2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، مەسرور بارزانی رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەدات.

مه‌سرور بارزانی سه‌ره‌تا سه‌ره‌خۆشیی له‌ قوربانییانی ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ كرد، كه‌ به‌ هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دوو بابه‌تی گرنگ کۆ بووەوە، کە ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدایە.

مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هه‌موو هه‌وڵێک بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ گرفتنه‌كان و راستکردنەوەی ئه‌م دۆخه‌ ناله‌بارە، داوە، ”هه‌مو هه‌وڵێكیش ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق بگه‌ین به‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر  مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان“.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆی و حکوومەتەکەی بۆ ئازادیی ڕاده‌برین و داواکردنی ماف لەلایەن هاووڵاتیانەوە دەربڕی و رایگەیاند، ”به‌ڵام ته‌عه‌دا له‌ مافی كه‌سی تریش نه‌كرێ، ئه‌ركی حكوومه‌ته‌ سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان بپارێزێ، ئه‌و هاووڵاتییه‌ی داوای مافی خۆی ده‌كا، پێویسته‌ بزانێ‌ داوای ماف له‌ كێ بكا، داوا له‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ مافی هه‌رێمی كوردستانیان پێشێل كردووه‌، مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن“.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لە ناو خۆپیشانده‌ران خه‌ڵكی سووریا و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی تیدا بووه‌، ”هه‌ندێ خه‌ڵكیش ئاراسته‌ كرابوون، ده‌شبێ بڵێم توندوتیژی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سدا نییه‌ و قه‌ده‌ری هه‌مووان یه‌كه‌، چونكه‌ پێكه‌وه‌ په‌لاماری باره‌گای هه‌مووان دراوه‌، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ڕاستییه‌كان بزانین و له‌سه‌ر بنه‌مانی خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان كار بكه‌ین. دژایه‌تی یه‌كتر دادمان نادا و ته‌نیا كه‌سێك كه‌ سوودمه‌ند بێ له‌مه‌، ناحه‌زانمانن“.

مەسرور بازانی بە ئاماژەکردن بەوەی جوانیی كوردستان لە به‌رگه‌گرتنی بۆچوونی جیاوازی یەکترە، داوای کرد ”با ئه‌م كولتووره‌مان لێ تێك نه‌چێ و به‌ هه‌مووانه‌وه‌ رووبه‌رووی كولتووری نامۆ ببینه‌وه‌ و بڵێن ئه‌وه‌ قبووڵ ناكه‌ین ئه‌زموونی كوردستان و خوێنی شه‌هیدان به‌ فیڕۆ بچێ“.

هەروەک مەسرور بارزانی رایگەیاند، ئه‌و رووداوانەی ئەم دواییە مه‌به‌ستی تری له‌ پشته‌وه‌ بووه‌، ”خه‌ڵكانێک خزاونه‌ته‌ ناو خۆپیشانده‌ران و ڕه‌وته‌كه‌یان گۆڕیوه‌ و په‌لاماری فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كان و باره‌گا حزبییه‌كانیان داوە“‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای كرد هه‌مووان پشتیوان بن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ تێبپەرێت و كێشه‌كان چارەسەر بکرێن، ”حكوومه‌ت له‌ ده‌نگی ئیوه‌یە و بۆ ئێوه‌ دروست بووه‌، بۆیه‌ پێش هه‌موو كه‌سێك خه‌مخۆری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌ و له‌ پێناو خزمه‌تی خه‌ڵك كار ده‌كا و زیاتر له‌ هه‌موو كه‌سێك له‌ به‌ره‌ی گه‌لە“‌.

مەسرور بارزانی راشیگەیاند، ئێستا دوو به‌ره دروست بووه‌، به‌ره‌ی پارێزه‌رانی كوردستان و به‌ره‌ی ناحه‌زان، كه‌ ده‌یانه‌وێ ئه‌و قه‌واره‌ی هەرێمی کوردستان‌ تێک بده‌ن، ”زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان كه‌ قوربانییان داوه‌، نایانه‌وێ ئه‌م ئه‌زموونه‌ له‌ بار بچێ و زیانی به‌ر بكه‌وێ، ئه‌وانه‌ی داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن، حكوومه‌ت پێشوازی له‌ داواكانیان ده‌كات، له‌ هه‌مان كاتدا قبووڵ ناكه‌ین كه‌سانێك هێرش بكه‌ن و په‌لامار بده‌ن و پێش هه‌موو كه‌س مافی خۆپیشانده‌ران پێشێل بكه‌ن“.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داواشی لە هه‌مووان کرد به‌ لۆژیک و ژیری، رووبه‌رووی ئه‌و دۆخه‌ ببنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه‌ و هەمووان لەبەرەی پارێزەری کوردستان بن، ”په‌لاماری هه‌موو لایه‌ك دراوه‌ و پیلانێكه‌ بۆ تێكدانی قه‌واری هه‌رێمی كوردستان یان بچوككردنه‌وه‌ی، كه‌ به‌ خوێنی هه‌زاران شه‌هید هاتووه‌ته‌ دی و ئه‌ركی هه‌مووانیشه‌ به‌رگری لێ بكه‌ن“.

مەسرور بارزانی هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، په‌لاماردانی برا و كه‌سوكاری شه‌هیدان و سووتاندن و تێكدانی قوتابخانه‌، كێشه‌ی مووچه‌ چاره‌سه‌ر ناكا، داواشی له‌ خۆپیشانده‌ران كرد ڕێگه‌ نه‌ده‌ن گێره‌شێوێنان ئه‌و هه‌له‌ بقۆزنه‌وه‌ و له‌ ژێر ناوی ئه‌واندا ئامانجه‌كانیان خۆیان به‌ دی بێنن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە خه‌ڵكانێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانەوە هاتوون و كێشه‌یان دروست كردووه‌، ”پێشمه‌رگه‌ به‌ گوله‌ی قه‌ناس شه‌هید كراوه‌ و به‌ ئاڕ پی جی هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاكان، كه‌واته‌ ئه‌وانه خۆپیشانده‌ر نین و كه‌سانێكن ده‌یانه‌وێ په‌لاماری ده‌ستكه‌وته‌كان بده‌ن“.

لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی رایگەیاند، ”بڕیارمان دا شاندی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكا تا گفتوگۆ بۆ به‌ده‌ستهێنانی شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بکات.

هەرێمی کوردستان تووشی چه‌ندین قه‌یران بوون، كه‌ وەک مەسرور بارزانی رایگەیاند، ”ده‌ستكردی ئێمه‌ نین، وه‌ك بڵابوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت بوون، دابه‌زینی نرخی نه‌وتیش خه‌تای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردسنتان نه‌بووه‌، كه‌ دابه‌زینی نرخه‌كه‌ی داهاتی كه‌م كردووینه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاتی ئه‌وه‌ی شانمان به‌ به‌ر به‌رپرسیاریه‌تی داوه‌ بۆ چاره‌سە‌ركردنی كێشه‌كان“.

هەروەک مەسرور بارزانی رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هه‌وڵی داوه‌ هه‌موو ئه‌ركه‌كانی سه‌ر شانی جێبه‌جێ بكه‌ین، به‌ڵام ”ده‌بێ حكوومه‌تی عێراقیش ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر ئێمه‌ جێبه‌جێ بكا، ئه‌مساڵ تا ئێستا 6 مانگ بودجه‌یان ناردووه‌، ئه‌ویش به‌ لێبڕینه‌وە“.‌

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەرچی هەولێر و بەغدا رێککەوتبوون لەسەری، بەڵام حکوومەتی عێراق لە مانگی 8ـەوە تەنیا دوو جار بڕی 320 ملیار دیناری بە لێبڕینەوە ناردووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه‌ به‌ پێی ڕێككه‌وتنی نوێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێككه‌وتین مانگانه‌ 320 ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردسنان بنێردرێ و ئه‌وی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پڕ ده‌كرێته‌وه‌.

بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، هەروەک مەسرور بارزانی رایگەیاند، دەبوایە تا دابینكردنی بودجه‌ی ساڵی داهاتوو، مانگانه‌ بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرمی کوردستان بنێردرایه‌.

داواشی لە حكوومه‌تی عێراق کرد پابه‌ندی ده‌ستوور بێت و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بدات.

مەسرور بارزانی هەروەها رایگەیاند، ده‌بوو ئه‌وانه‌ی به‌ناوی خه‌ڵكی كوردستان چوونه‌ته‌ په‌رله‌مانی عێراق، داكۆكیی له‌ مافی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن و بەرگریی له‌و شایسته‌ داراییانه‌ی ئه‌ركی حكوومه‌تی عێراقه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی بنێرێت، بکەن.

سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی، مەسرور بارزانی رایگەیاند، له‌ رۆژی یه‌كه‌می ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیەم، چاكسازی ده‌ستی پێكردووه‌ و له‌ زۆر بۆنه‌دا ئه‌نجامی چاكسازی به‌ داتا به‌ خه‌ڵك گوتراوه‌ ،به‌ڵام ”به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بێ هه‌وڵی بێبایه‌خكردنی ئه‌م چاكسازییانه‌ دراوه‌، هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ی ره‌خنه‌ ده‌گرن گوایه‌ حكوومه‌ت چاكسازی نه‌كردووه‌، هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ن ڕێگری له‌ چاكسازی دەکەن، ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌نگی ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن، هه‌ر ئه‌وانه‌ن له‌ به‌غدا هه‌وڵیان داوه‌ مافی خه‌ڵكی كوردستان نه‌ده‌ن“.

مەسرور بارزانی لەبارەی گرێبەستی نەوتیی هەولێر و ئەنقەرە، رایگەیاند، گرێبەستەکە تەنیا بۆ گواستنەوەی نەوتە، هیچ بڕە نەوتێک پێشوەختە بە تورکیا نەفرۆشراوە و داهاتی ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێ، کە کابینەکانی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ناچاری و بۆ دابینکردنی بژێویی خەڵکی کوردستان بڕیاری هەناردەکردنیان دا، روون و ئاشکرایە.

مەسرور بارزانی گوتیشی، داهاتی ناوخۆ به‌ هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ كه‌م بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام حکوومەت له‌ هه‌وڵدایە داهات به‌رز بكاتەوه‌ و داهات هەمەجۆر بکات و تەنیا پشت بە نەوت نەبەستێ، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئاسان نییه‌ پشوودرێژی ده‌وێ.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی کشتوکاڵ وەک سەرچاوەەیەکی گرنگی داهات کرد و رایگەیاند، ”سه‌روه‌تێكی له‌بن نه‌هاتوومان هه‌یه‌، كه‌ كشتوكاڵه‌ و وه‌ك پێویست سوودمان لێ وه‌رنه‌گرتووه‌ و ده‌بێ له‌ پاڵ نه‌وتدا، په‌ره‌ به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار و پیشه‌سازی بین، ده‌بێ خزمه‌ت به‌م بوارانه‌ بكه‌ین و ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ سه‌قامگیریی سیاسی هه‌یه‌ و ئه‌م دۆخانه‌، ئه‌و كارانه‌ دواداخه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بین، ده‌بێ هاوكارمان بن، ڕێگر نه‌بن. ئه‌وانه‌ی زۆرترین قسه‌ دژی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ن ڕێگری له‌ چاكسازی ده‌كه‌ن، وه‌كوو پێویستیش له‌و رووه‌وه‌ هاوكاری حكوومه‌ت نه‌كراوه‌، له‌ كاتێكدا ئێمه‌ زیاتر له‌ هه‌موو كه‌سێك خه‌مخۆری ژیانی خه‌ڵكین و ده‌مانه‌وێ كوردستان ببێته‌ نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو و ئه‌زموونه‌كه‌مان بۆ شوێنه‌كانی تری عێراقیش بگوزاینه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ شكستخواردوو ناوده‌به‌ن، با چاو به‌ شه‌قام و شوێنه‌كانی كوردستان بخشیننەوە و بەراوردی بکەن له‌گه‌ڵ شاره‌كانی عێراق، بزانن جیاوازییه‌كه‌ چییه‌، له‌ كاتێكدا 95%ی داهاتی عێراق نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌و جۆره‌ پێش بخات“.

Back to top button