مەسروور بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی کۆریا دەکات

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە چۆ کیجۆنگ کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بۆ ماڵئاوایی و بەبۆنەی کۆتایهاتنی ئەرکەکەی سەردانی كردبوو.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکوومەت وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریا، سوپاسی کونسوڵی گشتیی کۆریای کرد بۆ كار و چالاکییەکانی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هیوای سەركەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرک و کاری داهاتوویدا.

کونسوڵی گشتیی کۆریا، پێزانیی خۆی بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی باشی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵخانەی وڵاتەکەی دەربڕی و ئامادەییشی نیشاندا بۆ زیاتر برەودان بە پەیوەندی نێوان کۆریا و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بواری خوێندن و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم تایبەت بە دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

Back to top button