مەولوود سابیر: بانکی ناوەندی بە فەرمیی بانکی نیشتمانی ڕادەگەیەنێت

مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان رايگەیاند: دامەزراندنی بانکی نیشتمانی دەبێتە یەکەم بانکی کەرتی گشتی لە ھەرێمی کوردستان و یەکەم کۆمپانیایە دابمەزرێ لە کەرتی گشتی، ھەموو کۆمپانیاکانی پێشتر ھەبوون سەر بە کەرتی تایبەت بوون، دامەزراندنی بانکی نیشتمانی چەندین سوودی ھەیە و دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان لە ڕۆژنامەی فەرمیی حکوومەت بڵاودەکرێتەوە و دواتر لە یەکەمین کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی عێراق پەسند دەکرێت و وەک بانکی نیشتمانی دەناسرێت.

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان گوتی: مەبەست لە دامەزراندنی بانکی نیشتمانی زیاتر ڕێکخستنی کاروباری بانکییە، ھەموو ئەوکارانەی بانکی ڕەشید و ڕافیدەین لە عێراق جێبەجێی دەکەن بانکی نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات، ئەمە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان.

لەبارەی پرسی مووچە بە بانکی نیشتیمانییەوە مەولوود سابیر روونیکردەوە: یەکێک لە ئەرکەکانی بانکی نیشتیمانی لە ھەرێمی کوردستان ئەوەیە ھەر پارەیەک لەدەروەی ھەرێمی کوردستان بێتە ناو ھەرێم لە ڕێگەی بانکی نیشتمانییەوە دەبێت، ئەو پارانەی لە دەرەوە بۆ مووچە دێنە ھەرێم دێنە بانکی نیشتیمانی و لەوێوە بەکار دێن بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران.

Back to top button