مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دەکرێتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون

پڕۆژەی گۆڕینی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون دوای شەش مانگ لە دواخستنی بەهۆی چۆڵنەکردنی لە لایەن کاسبکاران و ئاژەڵ فرۆشانەوە ئەمڕۆ دەستی پێکرد .

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی کەوتوون داوا لە ئاژەڵ فرۆشان و کاسب کاران کراوە لە ماوەی سێ مانگدا تەواوی مەیدانەکە چۆڵبکرێت و مەیدانی ئاژەڵان دەگوێزرێتەوە پشت سەیتەرەکەی عەربەت.

دیلان جەزا وتەبێژی کۆمپانیای مۆرتەر کە پڕۆژەکەی گرتۆتە دەست بە هاوڵاتی ڕاگەیاند ، “پڕۆژەکە 350 یەکەی نیشتەجێبونەو ناوی ئەوین سیتی ٢ وە و ماوەی شەش مانگە دوا کەوتووە بەهۆی چۆڵنەکردنییەوە .” وتیشی، “پڕۆژەکە دەبوایە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بکرایە بەڵام بەهۆی چۆڵنەکردنییەوە شەش مانگ دواکەوتووە.”

ئەو وتەبێژە باسی لەوەشکرد، “گەڕەکەکانی قەرەتوغان و هڵوبە و شێخ عەباس زێڕینۆک لە قایمقامیەت بەهۆی ئەو بۆنوبەرامەی لە مەیدانەکەوە دێت شکاتیان کردووە”.

هاوکات عوسمان عارف  لێپرسراوی بەشی زیادەڕۆی لە شارەوانی سلێمانی بە هاوڵاتی وت “هەموو دوو هەفتە جارێک سەردانی مەیدانەکە دەکەن بۆ ئەوەی چۆڵبکرێت”.

Back to top button