نوسەرێک : کاتی ئەوە ھاتووە بە یاسا سنورێک بۆ خۆفرۆشەکان دابنرێت

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

نوسەرێک لەڕێگای سۆشیال میدیاوە دەڵێت کاتی ئەوە ھاتووە سنورێک بۆ خۆفرۆشان و کار و گوتارەکانیان دابنرێت بەتایبەت بۆ بەناو نوێنەرەکانی کورد لە بەغدا.
عومەر بەکر نوسەر لە ھەرێمی کوردستان لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایتی فەیسبوک لەبارەی نوێنەرە کوردە عێڕاقچیەکانەوە دەنوسێت ” ئەوەی متابەعەی ھەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ھەندێ پەرلەمانتاری کوردی لە بەغدا کردبێت گریانی بۆ کوردستان و کوردایەتی دێت..! ، بەتایبەتی (غالب محەمەد)ی زمانشڕ، کە نەک دژایەتی کوردستان بەڵکو لە عەرەبە شۆڤینی و حاقدەکان حاقدتر و بێ ویژدانتر ھەوڵی ناشرینکردنی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەی دەدات و لەوەش زیاتر دەیەوێت کەموکوڕی و بێ خزمەتی خوارو و ناوەڕاستی عێڕاقیش بخاتە ملی ھەرێم و سیاسەکانی کوردستان و زۆر بێ ئەخلاقانە بەسەر حکومەتی ھەرێم و بەرھەمی رەنجی خەباتی دەیان ساڵەی رۆڵەکانی گەلەکەماندا دەڕشێتەوە…!”.
ھەروەھا دەشنوسێت ” غالب و پێڕەکەی لە بەغدا، بەناوھێنانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەیانەوێ خۆڵبکەنە چاوی خەڵکی کوردستان ئەگەرنا خەمی ئەوان بەڕوونی دیارە کە کرێگرتەیی و لەناوبردنی قەوارەی ھەرێم و ناچارکردنیەتی بۆ خۆھاویشتنە ناو باوەشی بەغدا..! ، رەوشی خراپی تەندروستی و داراییمان لەلایەک و داخ و خەمی ئەو کرێگرتانەی وەکو غالبیش سەربار…”
لەبارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و نەھێشتنی خیانەت دەنوسێت ” کاتی ئەوە ھاتووە بەیاسا سنوورێک بۆ خۆفرۆشی و کار و گوتاری ئەو بەناو نوێنەرانەی کورد لەبەغدا دابنرێت و رێگریان لێ بکرێ لەو سوکایەتیی و بێ رێزیەی کە بە میزاج و کەرامەت و پیرۆزیەکانی نەتەوەکەمانی دەکەن “.

Back to top button