نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا: تێڕوانین و سیاسەتی هەرێم دەگەیەنینە پەرلەمانی ئەوروپا

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا گوتی: زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دەدەین بە مەبەستی گەیاندنی تێروانین و سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دوایین  گۆڕانکاری و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، ڕایگەیاند: یەکێتی ئەوروپا یەکێکە لە هاوبەشە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، ناوە ناوە شاندی فەرمیی یەکێتی ئەوروپا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە لای ئەوان گرنگە لەو گۆڕانکاری و بارودۆخانەی هەنە لە نزیکەوە ئاگاداربن، بەلای یەکێتی ئەوروپا زۆر گرنگە پەیوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان باش بێت و پەیوەندی تەندروست لە نێوان هەردوولا دەبێتە هۆکاری گەڕانەوەی سەقامگیری  سیاسی بۆ عێراق و بە ناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر عێراق بەگشتی و یەکێتی ئەوروپاش، ئەگەر بێتو بارودۆخەکە بەئاقارێکی خراپ دا بڕوات کاریگەری خراپی لەسەر یەکێتی ئەوروپاش دەبێت.

دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: بڕیارە ئەم هەفتەیە زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام بدەین لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی گەیاندنی تێروانین و سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دوایین  گۆڕانکاری و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم وبەغدا.

Back to top button