نوێنەری ھەدەپە لەسلێمانی دەڕفێنرێت

بینایی کامەران-خۆر

ماوەی دوو هەفتەیە (عەلی قایار) هاوسەرۆكی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی شاری سێرت، لە سلێمانی دیار نەماوەو نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی كوردستان گومانی هەیە لە لایەن “میت”ی توركیەوە رفێنرابێت و داوای لێكۆڵینەوە دەكات.

عابد ئیكە نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ عەلی قایار هاوسەرۆكی هەدەپە لە شاری سێرت، ماوەی دوو هەفتەیە چارەنوسی نادیارەو لە شاری سلێمانی بیسەروشوێنە.
وتی:”عەلی قایار ماوەی (10 ) ساڵە لە هەرێمی كوردستانەو ماوەی ساڵێكە لە شاری سلێمانی بەڵێندەر بوو لە كۆمپانیایەك كاریكردووە، لە كاتژمێر (7:30) ی بەیانی رۆژی 15/7/2020 كرێكارەكانی بردووە بۆ كۆمپانیا لە نزیكی بازگەی عەربەت– سلێمانی، ئیتر دیار نەماوە، تەلەفۆنەكەی داخراوە”

عەلی قایار هاوسەرۆكی هەدەپە بووە لە شاری سێرتی باكوری كوردستان، بەتۆمەتی كاری سیاسی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە و ماوەی 10 ساڵە هاتوەتە باشوری كوردستان ماوەی ساڵێكە لە سلێمانی دەژیت

نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی كوردستان دەڵێت:” سەردانی ئاسایشی سلێمانی و پەیوەندییەكانی یەكێتیمان كردووە، بەڵام هیچ سەرەداوێكمان دەستنەكەوتووەو ئەوانیش دەڵێن لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیەو ئاگادار نین”.

سەبارەت بە گومانی خۆڕادەستكردنەوە بە توركیا، عابد ئیكە رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك گومان ناكەین ئەو سەرۆكایەتی حزبی ئێمە دەكات لە باژێری سێرت، ئەو لەو ئاستەدا نیە خۆی رادەست بكات، ١٠٠٪ خۆی رادەستی توركیا ناكات، چونكە فەرمانی دەستگیركرنی هەیە.. لەناوبراوە نازانم ؟! میتی توركی ئەوی بردووە نازانم ؟! دەستی برادەرانی یەكێتی تیایە نازانم، بۆچی نایڵێن؟! داواكاریمان هەیە لێكۆڵینەوەیەكی جدی بكرێت بەرپرسیارێتی حكومەتی هەرێم و یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.

Back to top button