نۆ ساڵ بەسەر ئازادکردنی شارۆچکەی مەخموور دا تێدەپەڕێت

نۆ ساڵ بەسەر ئازادکردنی شارۆچکەی مەخموور تێدەپەڕێت، سەرچاوەیەکی پێشمەرگەش گێڕایەوە: پێشمەرگە توانی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا پلانی ئازادکردنی شارۆچکەی مەخموور جێبەجێ بکات و پیلانی داعش پووچەڵ بکاتەوە و تێکیان بشکێنێت.

سەرچاوەیەک لە ھێزی پێشمەرگە ڕایگەیاند: لە سەرەتای مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا تیرۆرستانی داعش ھێرشیان کردە سەر قەزای مەخموور و بەشێکی زۆری سنووری قەزاکەیان کەوتە ژێر دەست، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دوای دوو ڕۆژ و خۆ ئامادەکردن توانییان ھێرش ببەن و مەخموور لە دەست داعش ڕزگار بکەن
سەرچاوەکە گوتیشی: ھێزەکانی پێشمەرگە لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا پلانی سەربازییان دانا بۆ ئازادکردنەوەی مەخموور، ھێزەکانی پێشمەرگە لە دەوروبەری مەخموور جێگیرکران و لە کاتی دیارکراودا ھێرشیان کردە سەر تیرۆرستان و توانییان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا مەخموور ئازاد بکەن.

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش پیلانی بوو دوای داگیرکردنی مەخموور پێشڕەوی بکات بەرەو شاری ھەولێر و قەبارەی ھێرشەکانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان فراوانتر بکات، بەڵام ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕێگری لە ھێرشەکانی داعش کرد، دوای ئازادکردنەوەی مەخمووریش ھێزەکانی پێشمەرگە سەنگەری تۆکمەیان دانا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان، بێگومان لە سنووری مەخموور داعش زیانێکی زۆری بەرکەوت و بە درێژایی ساڵانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش ژمارەیەکی بەرچاوی تیرۆرست لەو سنوورە کوژران.

Back to top button