نیاز حەمە عەزیز: ئیرادە هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆی بکرێت

گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردن کۆ بوونەوە و ئیرادەیەک هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.

نیاز حەمە عەزیز، ڕایگەیاند: ”کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لەبارەی ئەو ئاستەنگانە بوو کە لە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەن، بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگانە چارەسەر بکرێن، چونکە پێشتریش بەهۆی ئەو ئاستەنگانەوە هەڵبژاردن دوا کەوت، کە هۆکارەکانیش بەهۆی سیستەمی بازنەیی و پرسی کۆتاکان بووە و پارتی لاریی نییە لە فرەبازنەیی، بەڵام لە کۆتاکان پێکهاتەی جیاوازن و پێویستە خۆیان بڕیار بدەن، بۆیە پارتی جددییە و گرفتی نەبووە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.”

گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ”ئەمڕۆ شاندێکی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی سەردانی بەشی هەڵبژاردنی پارتیی کرد بۆ ئەوەی قسە لەسەر سیستەمی بازنەیی و کۆتاکان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بکەن، چونکە کۆمسیۆن کاتی بەسەر چووە و پێویستە نوێ بکرێتەوە، یاخود کۆمسیۆنێکی نوێ دامەزرێت، بەڵام ئەوە کاتی پێویستە و ڕەنگە ئەوەی ئێستا نوێ بکرێتەوە.”

نیاز حەمە عەزیز گوتیشی: ”هەر لە سەرەتاوە ئیرادەیەکی جددی لەلایەن پارتی هەبوو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئێستا لەلایەن یەکێتییشەوە ئیرادەیەک هەیە، بۆ ئەوەی بیانوو دروست نەکرێت و هەڵبژاردن بکرێت و دوا نەخرێت، چونکە ئەمە بۆ سومعەی کورد باش نییە.”

Back to top button