نەجات ئامێدی: پێویستە پەرلەمان ڕێکاری یاسایی بۆ ھەڵبژاردن بگرێتە بەر

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە، پێویستە پەرلەمان ئەرکی یاساییی خۆی جێبەجێ بکات بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و دەڵێت، پارتی ڕێز لە سەروەریی یاسا دەگرێت و باوەڕی بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی ھەیە، لەبەر ئەوەیش جددییە لەسەر ھەڵبژاردن.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان،  ڕاگەیاند: ”پارتی زۆر نەرمیی نواندووە بۆ ئەوەی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، چونکە بەپێی فەرمانی ھەرێمی ڕۆژی ١٨/١١ی ئەمساڵ بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن دیاری کراوە، بێگومان سەرۆکی حکوومەتیش فەرمانی کردووە بە ڕاسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی پێداویستیی پرۆسەکە دابین بکرێت، تا پرۆسەیەکی پاک و بێگەردی ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.”

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: ”ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەین بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان بگیرێتە بەر بۆ بەڕەێوەچوونی ھەڵبژاردن و پەرلەمان ئەرکی یاساییی خۆی جێبەجێ بکات، ئەویش بە متمانەدان بە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن بەر لە ١٨ی ئایار، تا کۆمسیۆن بتوانێت لە ماوەی شەش مانگدا ئامادەکاری بکات بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن.”

نەجات ئامێدی ڕوونیشی کردەوە: ”بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن ڕێزگرتنە لە سەروەریی یاسا و باوەڕبوون بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی، بەوەی کە دەزگاکانی دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان موڵکی ڕەھای ھاووڵاتییانە، ئێمە لەگەڵ ئەوە بووین ساڵی ڕابردوو پرۆسەی ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ناکۆکیی سیاسییەوە پرۆسەکە دوا خرا بۆ کۆتاییی ئەمساڵ و تەمەنی ویلایەتی پەرلەمانیش درێژ کرایەوە.”

Back to top button