نەجوا کاکەیی: بڕیارەکەی لیژنەی دارایی ھەڵدەوەشێتەوە

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد، بڕیارەکەی لیژنەی دارایی ھەڵدەوەشێتەوە و دوای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە پرۆژەیاسای بودجە دەخرێتە دەنگدان لە پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی.

نەجوا کاکەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، ڕاگەیاند: “بڕیارە گۆڕانکاری لەو دوو ماددەیەی پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان بکرێت لەناو پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و بڕیارەکەی لیژنەی دارایی ھەڵدەوەشێتەوە، چونکە پێشتر ڕێکەوتن کراوە لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان و ئەندامانی لیژنەی دارایی مافی گۆڕینی ھیچ بڕگە و ماددەیەکیان نییە بە یەکجاری.”

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: “لە یەک دوو ڕۆژی داھاتوو جارێکی دیکە لیژنەی دارایی دەنگ لەسەر ھەردوو ماددەی 13 و 14ی پرۆژەیاسای بودجە دەدات بە مەرجێک ئەندامێکی لیژنەی دارایی زیادە و نابێت ژمارەی ئەندامانی لیژنە لە 23 کەس زیاتر بێت، کەچی ئێستا کردوویانە بە 24 ئەندام، ئەوەیش یەکێکی دیکە لە پێشێلکارییەکانە.”

نەجوا کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “دوای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی لیژنەی دارایی، پرۆژە
یاسای بودجە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکرێت و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی پرۆژەیاسای بودجە بخرێتە دەنگدانەوە.”

Back to top button