نەجیبە نەجیب: دەستوور دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی لەبارەی بودجەوە دیاری کردووە

ئەندامێکی پێشووی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق پێی وایە دەستوور دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەوە دیاری کردووە و بەپێی دەستوور، لیژنەی دارایی دەسڵاتی گۆڕینی ھیچ ماددەیەکی بودجەی نییە.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی،  ڕاگەیاند: ”دەستووری عێراق بابەتی بودجەی یەکلا کردووەتەوە و کە پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەسەندکردن دەچێتە پەرلەمان نەک گۆڕانکاری، لەو بارەیەوە دوو دەسەڵاتی داوە بە پەرلەمان، ئەویش ئەگەر لە شوێنێک پارە بگوازێتەوە و کەمکردنەوە، لەوە زیاتر پەرلەمان ھیچ دەسەڵاتی دیکەی نییە لە پرۆژەیاسای بودجەدا بکات، ئەوەی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان کراوە تەنیا بە مەبەست بووە بۆ دژایەتیی ھەرێمی کوردستان.”

ئەندامەکەی پێشووی لیژنەی دارایی دەشڵێت: “لە خولەکانی ڕابردووشدا ھەندێ پەرلەمانتار ھەبوون دژایەتیی ھەرێمی کوردستانیان دەکرد و ھەر ماددەیەک تایبەت بێت بە ھەرێمی کوردستان دژایەتی کراوە لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەوە.”

نەجیبە نەجیب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ”ئەو بڕگانەی زیاد کراون لەنێو پرۆژەیاسای بودجەدا پێچەوانەی دەستوور و یاسان، سەرۆکوەزیرانی عێراق متمانەی لە پەرلەمان وەرگرتووە و ھەر سەرۆکوەزیران ڕێککەوتنی کردووە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، ھەتا ئەو گۆڕانکارییەی کراوە جێبەجێ ناکرێن، چونکە جێبەجێکردنیان شتێکی مەحاڵە.

 

Back to top button