نەخۆشخانەیەکی 200 تەختی لە شێخان دروست دەکرێت

قایمقامی قەزای شێخان گوتی: بڕیارە لە قەزای شێخان نەخۆشخانەیەکی 200 تەختی دروست بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بودجە و زەوی تەرخانکراوە و چاوەرێی سەرف کردنی بودجە دەکرێت  تا دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەکە بکرێت، ئەمەش یەکەم نەخۆشخانەی مۆدێرنە لە ناوچەکە.

قایمقامی قەزای شێخان، سەردار شێخ یەحیا، ڕایگەیاند: نەخۆشخانەی 200 تەختی شێخان لەپلانی 2023 لە بودجەدا پەسەندکراوە دوای ئەوەی ئێمە داوامان کرد خرایە ناوپلانی بودجەی گەشەپێدانی پارێزگا کە 76ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە و 17.5دۆنم زەویش لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لەسەنتەری قەزای شێخان تەرخان کراوە، بەڵام تا ئێستا بودجە نەکوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرکاتێک ڕێنمایی بۆ خەرجکردنی دەرچوو دەست دەکەین بە ڕێکاری ئیداری، لە ڕێگەی تەندەرینەوە دەدرێتە بەڵێندەر و دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.

سەردار شێخ یەحیا گوتیشی: ئەو نەخۆشخانەیە نەک تەنیا بۆ شێخان بۆ قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری شێخانیش دەبێت، وەکو قەزای تلکێف، ناحیەی ئەلقوش، ناحیەی وانە، فایدە و دەوروبەری باشیک، هەمووان سودمەند دەبن لەو نەخۆشخانەیە، چونکە نەخۆشخانەیەک هەیە لە ساڵی 1978دروستکراوە و کۆنە، 15 تەختییە و بەشی خەڵکی شێخان ناکات، بۆیە دروستکردنی ئەو نەخۆشخانەیە دەبێتە یەکەم نەخۆشخانەی مۆدێرن بەوشێوەیە لە سنوورەکە دروست دەکرێت.

Back to top button