نەوزاد شێخ کامیل: بەرھەمی گەنم زیاد دەبێت و کۆتاییی مانگی داھاتوو دەست بە وەرگرتنی دەکرێت

ئەمڕۆ حکوومەتی عێراق دەستی بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرد و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانییش دەڵێ، ئەمساڵ بەرھەمی گەنمی ھەرێمی کوردستان زۆر زیاد دەکات و بە ھەمان سیستەمی ساڵی ڕابردوو وەردەگیرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ ١ی نیسان لە پارێزگاکانی باشووری عێراق پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستی پێ کردووە و ھەر جووتیارێک لەو ناوچانە بەرھەمی ھەبێت، دەتوانێت ڕادەستی سایلۆی بکات، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو لە ٢٨ی ئایار وەرگرتنی گەنم دەستی پێ کرد و ئەمساڵیش پێشبینی دەکەین لە ھەمان کاتدا پرۆسەکە بەڕێوە بچێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بارزگانی گوتی: “پێشبینی دەکرێت بەرھەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیاران زیاد ببێت، چونکە ھەم ڕێژەیەکی زۆری باران داباریوە و ھەم جووتیاران ڕێژەی زیاتری گەنمیان چاندووە، نرخی وەرگرتنی گەنمیش وەک ساڵی ڕابردوو ٨٥٠ ھەزار دینارە بۆ ھەر تۆنێک و پلەبەندییش نەماوە بۆ گەنم، ھەموو جورە گەنمێک وەردەگیرێت، بەڵام ئەوەی لە پشکنین دەرناچێت کەمێک نرخەکەی دادەبەزێت، ئەوەش کاریگەریی ئەوتۆی نابێت.

لەبارەی وەرگرتنی پارەی گەنمەکەشەوە نەوزاد شێخ کامیل ڕوونی کردەوە: “ساڵی ڕابردوو دوای ڕادەستکردنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان پرۆسەی وەرگرتنی پارەی گەنمەکەش دەستی پێ کردوە و ھەموو جووتیارێک توانیی پارەکەی وەربگرێت، ئەمساڵیش پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێم دابەش دەکرێت و ئیدی وەک ڕابردوو دواکەوتنی پارەی گەنمی جووتیاران نەما.”

Back to top button