هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌لی توركی بۆ عێراق به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می كردووه‌

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی ناوخۆیی، هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌لی توركی بۆ عێراق به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می كردووه‌ و به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ته‌نیا له‌ ماوه‌ی 3 مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ڕێژه‌كه‌ 17% كه‌م بووه‌ته‌وه‌.

مه‌نار ئه‌لعوبێدی سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ئایینده‌ی عێراق ڕایگه‌یاند: هاورده‌كردن له‌ توركیا بۆ عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ چواریه‌كی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا به‌ڕێژه‌ی 17% كه‌می كردووه‌، بۆ نموونه‌ له‌ چواریه‌كی یه‌كه‌می پارساڵ هاورده‌كردن بریتی بووه‌ 3.3 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، به‌ڵام له‌ چواریه‌كی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا بریتی بوو له‌ 2.7 ملیار دۆلار.

ڕاشیگه‌یاند: هاورده‌كردنی خۆراك له‌ توركیا كه‌ ڕێژه‌ی 30% كۆی گشتی هاورده‌كردن بۆ عێراق پێك ده‌هێنێ، له‌ ڕێژه‌ی 27% بۆ ڕێژه‌ی 22% كه‌می كردووه‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: هاورده‌كردنی كه‌ره‌سته‌ی به‌رهه‌مهێنراو وه‌ك زێڕ و جلوبه‌رگ و مۆبیلیات و ئه‌وانی تر كه‌ ڕێژه‌ی 23%ی كۆی گشتی هاورده‌كردن پێك ده‌هێنێ، له‌ 43% بۆ 26% كه‌می كردووه‌، هه‌روه‌ها هاورده‌كردنی كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كی وه‌ك دار و ئاسن و مادده‌كانی تر كه‌ ڕێژه‌ی 22%ی كۆی گشتی هاورده‌كردن پێك ده‌هێنێ، له‌ 32% بۆ 13% كه‌می كردووه‌.

هه‌ر له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ئایینده‌ی عێراق هاتووه‌: هاورده‌كردنی به‌رهه‌می ناوخۆی توركی وه‌ك خواردنه‌وه‌ و جگه‌ره‌ و ئه‌وانی تر كه‌ ڕێژه‌ی 1.7%ی كۆی گشتی هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌لی توركی پێك ده‌هێنن، له‌ 14% بۆ ته‌نیا 5% كه‌می كردووه‌.

مه‌نار ئه‌لعوبێدی له‌ راپۆرته‌كه‌دا هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ به‌شێكی كه‌مبوونه‌وه‌ی هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌لی توركی په‌یوه‌ندی به‌و بوومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌وه‌‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌و وڵات ڕووی دا و به‌شه‌كه‌ی تریش په‌یوه‌ندی به‌ زه‌حمه‌تی گواستنه‌وه‌ی دۆلار و دراوی بیانی هه‌یه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ به‌هۆی ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی كه‌ بانكی ناوه‌ندی له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا گرتوویه‌تییه به‌ر، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دروستبوونی هه‌ڵاوسان و دابه‌زینی به‌های لیره‌ی توركی.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دوای چین و ئیماڕات، وڵاتی توركیا له‌ ڕیزبه‌ندی سێیه‌می ئه‌و وڵاتانه‌ دێن كه‌ كه‌لوپه‌ل هاورده‌ی عێراق ده‌كه‌ن.

Back to top button