هاوپەیمانان 70 ئۆتۆمبێلی سەربازییان ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە كرد

گوتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕای دەگەیەنێت، ئەمەریكا 70 ئۆتۆمبێلی تری گولەنەبڕی سەربازیی رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی ئەیلوول، واین مەرۆتۆ گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە تویتێكدا ڕای گەیاندووە، لە چوارچێوەی پرۆگرامی پاڵپشتی دارایی و پڕچەككردنی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەمەریكا 70 ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕی سەربازی رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە كرد.
باسی لەوەش كردووە، بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی هاوپەیمانەكانمان بۆ بەهێزتركردن و پڕچەككردنیان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی دامەزراوەكان.
ناردنی ئەو 70 ئۆتۆمبێلە لە كاتێكدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەیشدا بڕێكی تر لە كەلوپەلی سەربازی ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە كرا، بڕیاریشە ئەو كەلوپەلانە لە ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەكار بهێنرێن.
هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوامن لە هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بۆ ئەوەی وەك هێزێكی نیشتمانی لەژێر چەتری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن.
Back to top button