هه‌ولێر.. بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردن و قیڕتاوکردنی 2 شەقامی 30 مەتری لە گەڕەکی هەولێری نوێ دانرا

ئەمڕۆ دووشەممە 2023.5.1، لەژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە گوژەمەی (290 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر و 15%ـی داهاتی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردن و قیڕتاوکردنی 2 شەقامی 30 مەتری لە گەڕەکی هەولێری نوێ دانرا، کە بەشێوەی بەڵێندەرایەتی جێبەجێدەکرێت.
لە ڕێو رەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: “بە پشتیوانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، کە هەمیشە تەئكید لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەکاتەوە بەبێ جیاوازی لە ناو شار و دەرەوەی شار، دەستمان بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە کردووە کە سوودێکی زۆر بە دانیشتوانى گەڕەکی هەولێری نوێ دەگەێنێت و ئومێد دەکەین ببێتە مایەى ڕەزامەندیى دانیشتوانى گەڕەکی هەولێری نوێ”.
گوتیشی: “لەم گەڕەکە و لە بەشێکى تری گەڕەک و شوێنانەکانى تری سنووری پارێزگاکەشمان ئێستا پڕۆژەیان لێ ئەنجامدەدرێت، بەشێک لەو پڕۆژانە لەم نزیکانە دەستیان پێدەکرێت و بەشێکیشیان دەستیان پێکراوە، سەرجەمی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەش لە چوارچێوەى بەرنامە و پلانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، ئێمەش لە پارێزگاى هەولێر چى لەڕێگەى بودجەی پارێزگا و سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکانى هەولێرەوە بێت ئەوەى لە تواناماندابێت بەپێى ئیمکانیات و بودجەى بەردەست بەردەوام دەبین لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان”.
جێگەی باسە، پڕۆژەی دروستکردن و قیڕتاوکردنی 2 شەقامی 30 مەتری لە گەڕەکی هەولێری نوێ پێکهاتووە لە دروست کردنی شەقامێکی 30 مەتری لە گەڕەکی هەولێری نوێ نزیک قوتابخانەی هەولێری نوێ بنەرەتی تێکەلاو و دروست کردن و قیرتاوکردنی شەقامێکی 30 مەتری لە تەنیشت بارەگای زەحمەتکێشان لە گەرەکی هەولێری نوێ.

Back to top button