هه‌موو شت ئاشكرابوو یه‌كێتی هه‌موو 25 مانگێك مووچه‌ نابێت بدرێت ئاماده‌نین داهات ڕاده‌ست بكه‌ین!

هێڤیدار ئەحمەد جێگری لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، چیتر رێ نادەن داهاتی هەرێمی كوردستان بە رێژەی 43% بۆ سلێمانی و 57% بۆ ئیدارەی هەولێر و دهۆك دابین بكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە لە پرێسکۆنفرانسێکدا کە لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کرد پەردەی لەسەر کێشەی مووچە لادا و گوتی تیمی یەکێتی لەناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دوو ئاواز دەخوێنن و لە لایەک داوای مووچە و مافە داراییەکان دەکەن و لە لایەکی تر ئەرکە داراییەکانیان دەرحەق بە حکوومەت جێبەجێ ناکەن.

هێڤیدار ئە‌حمەد روونی کردەوە یەکێتی سەرجەم داهاتەکانی بۆ خەزێنەی حکوومەت نەگەڕاندووەتەوە تا حکوومەت لە دابینکردنی مووچە دەستی کراوە بێت بەڵکوو لەم مانگەدا لە جیاتی 80 ملیار دینار داهات تەنیا 50 ملیار دیناری ناردووە .

ئەو بە پێویستی زانیوە هەر پارێزگایە و بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی بودجەیان بۆ تەرخان بكرێت، لە رابردوودا سلێمانی و هەڵەبجە سەرووی پشكی خۆیان وەرگرتووە.

بەگوتەی ئەو هێڤیدار ئەحمەد، دوا ئاماری فەرمی دەری دەخات هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، 36.75%ی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان پێك دەهێنن نەك 43%، پشكەكەیان لە بودجە دەبێت كەمتر لە 37% بێت و بەو پێیەش 6%ی بودجەكەیان دەبێت كەم بكرێتەوە.

بەگوێرەی لیستی خەرجیی گشتیی پڕۆژەكان، لە ساڵی 2019ەوە تا 2021 كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، 86 ملیار و 800 ملیۆن دینار بۆ دهۆك، 141 ملیار و 600 ملیۆن دینار بۆ هەولێر، 193 ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ سلێمانی و 12 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ هەڵەبجە تەرخان كراوە.

بەو پێیە نزیكەی 206 ملیار دینار بۆ ئیدارەی سلێمانی و سەرووی 228 ملیار دینار بۆ هەولێر تەرخان كراوە، ئەگەر ئەم پارەیە بە رێژەی دانیشتووان لێك بدرێتەوە، ئەوا سلێمانی و هەڵەبجە لە سەرووی پێداویستییەكانیان بۆ تەرخان كراوە.

باس لەوە دەكرێ یەكێتی لەمدواییانەدا لە ئەنجوومەنی وەزیران گوتوویەتی، چیتر داهات دابین ناكەن بۆ خەزێنەی حكوومەت، لە كاتێكدا نە پێشتر و نە ئێستە زۆربەی داهاتەكانی سلێمانی بۆ هەولێر نەگەڕاوەتەوە

Back to top button