هۆشداریەکی توند دەدرێتە ڕێکخراوی تیرۆرستی پەکەکە

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

لەسەر ڕفاندنی دوو گەنجی گوندی پردەشاڵی بناری قەندیل هۆشداریەکی توند دەدرێتە ڕێکخراوی تیرۆرستی پەکەکە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (( خۆر)) کەوتوون، دوو گەنجی گوندی پردەشاڵی بناری قەندیل لە رۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2020ەوە بێسەروشوێنن، بە گوتەی کەسوکاریان لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی پەکەکە ڕفێنراون، ئەو گەنجانە بریتین لە (توانا حاجی) تەمەن 26 ساڵ و (قارەمان عەبدوڵڵا) 19 ساڵ دوو گەنجە بێسەروشوێنەکەن، تەنیا حاجی، برای (توانا) گوتی، ”هۆکاری دەستگیرکردنی براکەی نازانن، مۆبایلی لێ سەندراوە و تاوەکو ئێستاش نە پێیان گوتوون لە کوێن و نە رێگەدراوە بیانبینن“.

یەکێک لە دەستگیرکراوەکان کارمەندی گرێبەستی شارەوانی وەرتێیە. محەممەد عەبدولڕەحمان، سەرۆکی شارەوانیی وەرتێ لەبارەی ئەو دەستگیرکراوەوە گوتی “کوڕێکی چاک و بێلایەنە، گرێبەست بووە لای ئێمە، دەتوانین چاوپۆشی لێ بکەین تاوەکو مانگی 12، بەڵام دواتر ئازاد نەکرێت، بەپێی یاسا فەسڵ دەکرێت”.

بەگوتەی خەڵکی گوندەکە، ماوەی دوو هەفتەیە تیرۆرستانی پەکەکە مۆبایل لە گەنجانی دەڤەرەکە دەستێنن، هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک گەنجیشیان کردووە.

گەنجێکی بناری قەندیل کە بەهۆی هەڕەشەی تیرۆرستانی پەکەکەوە گوندەکەی جێهێشتووە، دەڵێت “پێشتر سێ هاوڕێم دەستگیرکرابوون، چالاکییەکی مەدەنیمان کرد و پەکەکە بە چەک رێگریی لێکردین، سێ کەسمان هەڕەشەمان لەسەرە و لە گوندەکەمان دەربەدەر بووین بۆ وەرتێ”.

بەپێی زانیارییەکان، لەماوەی ئەمساڵدا 19 گەنجی باشووری کوردستان لە گوندەکانی بناری قەندیل و دۆڵی باڵەییان دەستگیرکراون. ژمارەیەک لەو کەسانە پێشمەرگە بوون. کەسوکاریان دەڵێن “پەکەکە دەستبەسەرکراوانی ئەشکەنجە داوە، مانگێک تاوەکو شەش مانگ دەستگیری کردوون”.

بەهرام یاسین، فەرماندەی هەڵگوردی هێزی پێشمەرگە گوتی: “ناکرێت هیچ هێزێکی دیکە بە هیچ بیانوو و ناوێک بێت و خەڵکی کوردستان دەستگیربکات، بێگومان ئەگەر ئەم رووداوانە بەردەوام بن، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرپەرچدانەوە و وەڵامدانەوەی تووندی دەبێت. ئێمە وەکو هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرپرسیارێتیی پاراستنی هەموو خەڵکی کوردستانمان بەبێ جیاوازی لەسەرە. ئێمە لەسەر هێڵین و ئەگەر ئەم کەسانە بەپەلە ئازاد نەکرێن، بێگومان هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی جیددی و تووندی دەبێت”.

خزمەتگوزاریی گوندەکانی بناری قەندیل و دۆڵی باڵەییان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابیندەکرێت، نزیکەی 15 رۆژە پەکەکە رێگەنادات دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوچەکە بگات.

Back to top button